Accessibility links

مێرکڵ: هەڕەشەکەی سەرۆک ترامپ بۆ وێرانکردنی کۆریای باکوور هەڵەیە


ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵ وتی ئەڵمانیا و ئەمەریکا ڕایان جیاوازە سەبارەت بە چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ کۆریای باکووردا و سەرکۆنەی هەڕەشەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپی کرد بۆ وێرانکردنی کۆریای باکوور.

واچاوەڕواندەکرێت مێركل ویلایەتی چوارەم بباتەوە لە هەڵبژاردنە گشتیەکاندا، مێرکڵ وتی سزاکان و دیبلۆماسیەت تەنها ڕێگەن بۆ باوەڕپێهێنانی کۆریای باکوور تاوەکوو لەسەر مێزی گفتوگۆکردن دابنیشێت.

مێرکڵ کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بە لێدوانەکانی سەرۆک ترامپ لە کۆبوونەوەکەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا وتی " من دژی لەو جۆرە هەڕەشانەم. ئێمە پێمان وایە هەر چارەسەرێکی سەربازیی بۆ ئەم بابەتە گونجاو نیە و سوورین لەسەر دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی بۆ بابەتەکە."

وتیشی " بەڕای من سزاکان و جێبەجێکردنیان وەڵامدانەوەیەکی گونجاون. بەڵام پێم وایە هەر شتێک لەوە زیاتر بێت سەبارەت بە کۆریای باکوور هەڵەیە."

مێرکڵ وتیشی پێش چەند ڕۆژێک لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا بە سەرۆک ترامپی وتووە دەبێت بگەنە چارەسەرێکی سیاسی.

هەروەها سەرۆک وەزیری ژاپۆن شینزۆ ئابی وتی پیویستە لەسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سزا و فشاری زیاتر بخاتە سەر کۆریای باکوور تاوەکوو بەرنامە ناوەکیی و موشەکییەکەی بوەستێنێت. وتیشی " ئێستا کاتی گفتوگۆکردن نیە. ئێستا کاتی فشار خستنە سەرە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG