Accessibility links

مێرکڵ : چارەسەری سەربازیی بۆ ناکۆکییەکانی کۆریای باکوور بوونی نیە


ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵ وتی گفتوگۆکردن تاکە چارەسەرە سەبارەت بە کۆریای باکوور و وتیشی هەرچی لەتوانایدا بێت دەیکات بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی ئاشتیانە.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە کۆریای باکوور مێرکڵ وتی " بەتەواوەتی دژی گوتارە شەرانگێزییەکانی هەردوولام، چارەرسەری سەربازیی نیە بۆ ئەم بابەتە و دەبێت هەوڵ بدرێت لەڕێی گفتوگۆوە چارەسەر بکرێت."

وتیشی " بۆیە دەبێت ئەم شێوە ڕێگایانە بگرینە بەر، دەتوانین خۆمان لە کارەسات بەدوور بگرین و من لەلای خۆمەوە چیم لەتوانادا بێت دەیکەم."

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیاش سیگمار گابرێل وتی "هەمووان نیگەرانن لە زیادبوونی گرژییەکانی نێوان کۆریای باکوور و ئەمەریکا لەکاتێکدا ئەمەریکا ڕاهێنانە سەربازییە هاوبەشیەکانی لەگەڵ کۆریای باشووردا ئەنجام دەدات بەڵام فشارەکانی چین بۆ سەر کۆریای باکوور وام لێدەکات گەشبین بم."

وتیشی " لە دوێنێوە زیاتر گەشبین بووین و پێم وایە فشارەکانی چین ڕۆڵی هەبووە لە لێدوانەکانی کۆریای باکوور سەبارەت بە دواخستنی لێدانەکەی گوام."

سیگمار بە ڕۆژنامەنووسانی وت " بەتەواوەتی بیر لە بابەتەکە دەکەمەوە بەڵام وادیارە فشارەکانی چین بۆ سەر کۆریای باکوور بەرهەمی هەبووە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG