Accessibility links

مێرکڵ داوای دان بەخۆداگرتن دەکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا


ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵ
ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵ

وتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیا وتی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵ و سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن داوایان لە ئیسڕائیل و ئێران کردووە دان بەخۆیاندا بگرن و خۆیان بەدوور بگرن لە زیادبوونی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئیسڕائیل ڕایگەیاند ڕۆژی پێنجشەممە دوای ئەوەی ئێران کۆمەڵێک موشەکی هاویشتووە بۆ ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی ئیسڕائیل لەسەر سنووری سوریا، ئیسڕائیل هێرشی کردۆتە سەر هەموو ژێرخانە ئابوورییە سەربازییەکانی ئێران لە سوریادا.

مێرکڵ لە لێدوانێکیدا وتی " دەزانین ڕەوشەکە زۆر ئاڵۆزە."

وتیشی " زیادبوونی گرژییەکان لە ماوەی چەند کاتژمێری ڕابردوودا بۆمان دەردەخات کە بابەتەکە پەیوەندیی بە جەنگ و ئاشتیەوە هەیە. منیش ناتوانم هیچ شتێک بکەم جگە لەوەی داوا لە هەموو لایەنەکان بکەم کە دان بەخۆیاندا بگرن."

وتەبێژەکە ئاماژەی بەوەدا مێرکڵ و ماکرۆن لەمیانەی کۆبوونەوەکەیاندا باسیان لە هێرشە موشەکییەکانی ئێران کردووە بۆ سەر شوێنەکانی ئیسڕائیل و وەڵامدانەوەی ئیسڕائیل بۆ ئەو هێرشانە.

جێی ئاماژەیە دوای بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بۆ کشانەوە لە ڕێکەوتنە ناوکییەکەی ئێران، پێشبینییەکان بۆ هەڵگیرسانی ململانێی هەرێمی زیادی کردووە.

دواتر مێرکڵ لە پەیوەندیەکی تەلەفونیدا بە سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی وتووە پشتیوانی لە پاراستنی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە دەکات ئەگەر ئێران پابەند بێت بە جێبەجێکردنیەوە.

هەروەها مێرکڵ سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێرانی کرد بۆ سەر شوێنە سەربازییەکانی ئیسڕائیل لە بەرزاییەکانی گۆلانی داگیرکراو و داوای لە ئێران کرد کارێک بکات زیادبوونی گرژییەکان لە ناوچەکەدا بوەستێنێت.

هەروەها مێرکڵ لە وتارەکەیدا داوای لە یەکێتی ئەوروپا کرد سیاسەتەکانی دەرەوە و بەرگری خۆی باشتر بکات و وتی ئەوروپا چیتر ناتوانێت بە تەواوەتی پشت بە ئەمەریکا ببەستێت بۆ پارێزگاریکردن لە ئەوروپا.

وتی " با ڕووبەڕووی ڕاستییەکە ببینەوە، ئەوروپا هێشتا تەمەنی بچووکە لە سیاسەتی دەرەوەی هاوبەشدا و زۆر گرنگ دەبێت لەم بارەیەوە پێشبکەوین چونکە سروشتی ململانێکان لەدوای جەنگی ساردەوە بەتەواوەتی گۆڕاون."

وەکو ئاماژەیە بۆ جەنگی ناوخۆی سوریا، مێرکڵ وتی زۆرێک لە ململانێ نێودەوڵەتییەکانی ئەمڕۆ لە دەرگای ئەوروپا دەدەن.

وتیشی " چیتر شتەکە وانەماوە ئەمەریکا هەروا بە ئاسانی بمانپارێزێت. لەجێی ئەوە پێویستە لەسەر ئەوروپا چارەنووسی خۆی بەدەست خۆیەوە بێت. ئەوە ئەرکی داهاتوومان دەبێت."

ماکرۆن بە هەمان شێوە داوای دانانی سیاسەتێکی دەرەوەی هاوبەشی ئەوروپی کردەوە و بەبێ ئەوەی ئاماژە بە وڵاتێکی دیاریکراو بدات وتی " ئەوەمان هەڵبژارد کە ئاشتی بخەینەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵام زلهێزێکی دیکە.. بەڵێنەکەی خۆی نەبردە سەر."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG