وتەبێژی ئەڵمانیا وتی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا و سەرۆکی فەڕەنسا پەیوەندییان بە سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتنەوە کردووە و نیگەرانی خۆیان بۆ دەربڕیوە سەبارەت بە ڕەوشی مرۆیی لە ناوچەی ئیدلبی سوریا و داوایان لێکردووە کۆتایی بە ململانێکان بهێنێت.
سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن و ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵ لەمیانەی ئامادەبوونیان لە کۆبوونەوەی لوتکەی یەکێتی ئەوروپادا لە بڕۆکسل لەڕێی پەیوەندییەکی تەلەفونیەوە قسەیان لەگەڵ پوتندا کردووە.
وتەبێژەکە وتی " هەردووکیان نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بە ڕەوشی کارەساتی دانیشتوانی پارێزگای ئیدلبی سوریا، هەروەها داوایان کردووە بەزووترین کات شەڕ و پێکدادانەکان بوەستێنرێن و ڕێگە خۆش بکرێت بۆ گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان بەو خەڵکانەی پێویستیانە."
هەروەها بە پوتنیان وتووە دەیانەوێت لەگەڵ ئەو و سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگاندا کۆببنەوە بەمەبەستی گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسیی.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز