ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵ وەڵامی کشانەوەی ئەمەریکای دایەوە لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە و وتی ڕێکەوتنەکە یارمەتی وڵاتانی دەرەوەی داوە لە نیگەرانییەکانیان سەبارەت بە ڕۆڵی ئێران لە ناوچەکەدا.
ئێران دووبارە جەختی لەوە کردەوە کە ناچەمێتەوە لەبەرامبەر فشارەکانی ئەمەریکادا و بەرهەڵستی پلانەکەی ئەمەریکا دەکات دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ هەفتەی ڕابردوو لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران کشایەوە.
سەرۆک ترامپ ڕەخنەیەکی زۆری هەبوو لە ڕێکەوتنەکە و یەکێک لەو ڕەخنانەش ئەوەبوو کە دەڵێت ڕێکەوتنەکە بەرنامە موشەکییە باڵیستیکییەکەی ئێران ناگرێتەوە و هەروەها ڕۆڵی ئێران لە جەنگە ناوخۆییەکانی ناوچەکەدا ناگرێتەوە.
وڵاتانی ئەوروپا هەمان ترس و نیگەرانی سەرۆک ترامپیان هەیە بەڵام دەڵێن ڕێکەوتنە ناوەکییە باشترین ڕێگەیە بۆ ئەوەی نەهێڵن ئێران پەرە بە چەکی ناوەکیی بدات و ببێتە خاوەنی ئەو چەکە لە کاتێکدا کە دەسەڵاتەکانی ئەو وڵاتە لە ناوچەکەدا زیاتر دەبێت.
مێرکڵ لە لێدوانێکیدا لەبەردەم ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەڵمانیادا جەختی لە پشتیوانی خۆی لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە کردەوە.
وتیشی " پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا باشترە گفتوگۆ لەسەر مانەوە یان نەمانی ڕێکەوتنەکە بکەین.. ئێمە دەڵێین دەتوانین بەشێوەیەکی باشتر گفتوگۆ بکەین لەکاتێکدا لە ڕێکەوتنەکەدا بمێنینەوە."
وتیشی " ئەم ڕێکەوتنە زۆر دوورە لەوەی نموونەیی بێت بەڵام بەپێی بەرپرسانی دەزگای وزەی نێودەوڵەتی، ئێران پابەندە بە هەموو بەندەکانی ڕێکەوتنەکەوە."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز