وتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیا وتی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵ و سەرۆک وەزیری ژاپۆن پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامداوە و ڕێکەوتوون لەسەر پێویستی توندکردنەوەی سزاکانی سەر کۆریای باکوور بەهۆی تاقیکردنەوە ناوەکییەکەیەوە.
وتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیا شتایڤن زایبەرت وتی " ئانگێلا مێرکڵ لەگەڵ سەرۆک وەزیری ژاپۆن شینزۆ ئابیدا ڕێکەوتووە لەسەر ئەوەی تاقیکردنەوە ناوەکییەکەی کۆریای باکوور هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی هەموو جیهان و پێشێلکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانەو دەبێت ئەنجومەنی ئاسایش ڕێوشوێنی توند بگرێتە بەر و سزاکان توند بکاتەوە."
هەروەها وتیشی ئابی و مێرکڵ ڕێکەوتوون لەسەر ئەوەش کە پێویستە فشارەکان زیاتر بکرێن لەسەر کۆریای باکوور بۆ ئەوەی وا لە پیۆنگیانگ بکەن ئامادە بێت بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی ئاشتیانە و چین و ڕوسیاش دەبێت ڕۆڵی سەرەکییان هەبێت لەوەدا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز