دمیتری مێدڤیدیڤی هاوپەیمانی پوتن وتی هەر هەوڵێک بۆ دەستگیرکردنی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن دوای ئەوەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکردووە دەگاتە ئاستی ڕاگەیاندنی جەنگ دژی ڕووسیا.
ڕۆژی هەینی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بە تۆمەتی گواستنەوەی سەدان منداڵ لە ئۆکرانیا بە شێوەیەکی نایاسایی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن دەرکرد.
سەرۆکی پێشووی ڕووسیا دمیتری مێدڤێدیڤ بە دەزگایەکی ڕاگەیاندنی ڕووسیای وت دادگای تاوانی نێودەوڵەتی کە وڵاتانی وەکو ڕووسیا و چین و ئەمەریکا دانییان پێدا نەناوە، هیچ کات شتێکی گرنگی نەکردووە.
مێدڤیدیڤ کە ئێستا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕووسیایە وتی هەر هەوڵێک بۆ دەستگیرکردنی پوتن ڕاگەیاندنی جەنگ دەبێت.
وتی " با بیهێنینە بەرچاومان، ئەوە ئاشکرایە کە ئەم دۆخە ' دەستگیرکردنی پوتن ' هەرگیز ڕوونادات، بەڵام با دابنێین ئەوە ڕوودەدات. سەرۆکی ئێستای وڵاتێکی خاوەن چەکی ئەتۆم چووە بۆ ناوچەیەک، بڵێین چووە بۆ ئەڵمانیا و لەوێ دەستگیر دەکرێت."
وتی " ئەوە چی دەبێت ؟ ڕاگەیاندنی جەنگ دەبێت دژی فیدراسیۆنی ڕووسیا. لەو حاڵەتەشدا سەرجەم چەکەکانمان و موشەکەکانمان بەرەو بۆندستاگ و ئۆفیسی ڕاوێژکار دەچن."
کرێملن دەڵێت فەرمانی دەستگیرکردنەکەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بڕیارێکی پارتیزانی خراپکارییە، بەڵام بۆ ڕووسیا بێ مانایە. بەرپرسانی ڕووسیا تاوانەکانی جەنگ لە ئۆکرانیا ڕەت دەکەنەوە و دەڵێن ڕۆژئاوا تاوانەکانی جەنگی ئۆکرانییەکانی پشتگوێ خستووە.
جەنگەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا بووەتە هۆی کوژرانی هەزاران کەس و ئاوارەبوونی ملیۆنان هاوڵاتی ئۆکرانیا، هەروەها بووەتە هۆی خاپوور بوونی شار و شارۆچکەکانی ئۆکرانیا و زیانێکی گەورەی گەیاندووە بە ژێرخانەکانی ئەو وڵاتە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز