Accessibility links

کۆشکی سپی: سەرۆک ترامپ بە ئاسیا ڕادەگەیەنێت " کات تەواو " دەبێت سەبارەت بە کۆریای باکوور


اریدەدەرێکی باڵای سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ وتی سەرۆک لە میانەی گەشتەکەیدا بۆ وڵاتانی ئاسیا پێیان ڕادەگەیەنێت کە کات تەواو دەبێت سەبارەت بە دانانی سنوورێک بۆ ئەو قەیرانە ناوەکییەی کۆریای باکوور دروستی کردووە.

ڕۆژی هەینی سەرۆک ترامپ گەشتەکەی دەست پێدەکات و بەرەو هاوای دەڕوات کە یەکەم وێستگەیەتی لە ڕێگەیدا بۆ ئاسیا و سەردانی ژاپۆن و کۆریای باشوور و چین و ڤیێتنام فلیپین دەکات. ئەمەش درێژترین گەشتی سەرۆکێکی ئەمەریکایە لە ماوەی 25 ساڵی ڕابردوودا.

ڕاوێژاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا مکماستەر بە ڕۆژنامەنووسانی وت " سەرۆک درک بەوە دەکات کە کاتمان تەواو دەبێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کۆریای باکووردا و داوا لە هەموو وڵاتان دەکات کاری زیاتر بکەن."

هەروەها وتیشی سەرۆک ترامپ داوا لەو وڵاتانە دەکات کە کاریگەرییەکی زیاتریان هەیە لەسەر پیۆنگیانگ " باوەڕ بە سەرکردایەتی کۆریای باکوور بهێنن لەوەی کە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی چەکی ناوەکیی ڕێگەیەکی داخراوە و دەبێت واز لە بەرنامە ناوەکییەکەی بهێنێت."

مکماستەر وتیشی " هاوڕییانمان و دوژمنانمان دەزانن ئەمەریکا لەوپەڕی ئامادەباشیدایە بۆ بەرگریکردن لە خۆی و هاوپەیمانەکانی."

چین هەستیارترین و گرنگترین وڵات دەبێت لە گەشتەکەی سەرۆک ترامپدا کە لەوێ داوا لە سەرۆکی چین شی جین پینگ دەکات هەوڵی زیاتر بدات بۆ ڕاگرتنی هەوڵەکانی کۆریای باکوور.

مکماستەر وتی " پێم وایە دەبێت ئارام بگرین بۆ چەند مانگێکی دیکە تاوەکو بزانین ئێمە و وڵاتانی دیکە بە چینەوە دەتوانین چی بکەین، پێم وانییە پێویستمان بەوە بێت ئێستا دووبارە هەڵسانگاندن بۆ ستراتیژییەکەمان بکەینەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG