Accessibility links

سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا دەگەڕێتەوە بۆ دەنگدانی پەرلەمان لەسەر پلانەکەی بۆ جیابوونەوەی بەڕیتانیا لە یەکێتی ئەوروپا


سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا تێریزا مەی

سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا تێریزا مەی وتی دەگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان تاوەکو دەنگدانەکە ئەنجام بدرێت سەبارەت بە پلانەکەی بۆ جیابوونەوە لە یەکێتی ئەوروپا، بەڵێنیشیدا گرەنتی لە یەکێتی ئەوروپا دەست بکەوێت بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی ئێستای ناوخۆی بەڕیتانیا.

دوای ئەوەی سەرۆکی حیزبی کرێکارانی بەڕیتانیا جێرێمی کۆربین داوای کرد دەنگدانێک ئەنجام بدرێت لەسەر سەندنەوەی متمانە لە سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا تێریزا مەی، مەی وتی لە مانگی یەکدا پەرلەمان گفتوگۆ لەسەر ڕێکەوتنەکە دەکات و دواتر لە 14 ی هەمان مانگدا دەنگی لەسەر دەدرێت.

مەی لە پەرلەمانی بەڕیتانیادا وتی " دەزانم ئەم ڕێکەوتنە هەمووان بە ڕێکەوتنێکی زۆر باشی نازانن. ئەوە چارەسەرێکی مامناوەندییە. بەڵام ئەگەر زۆر باشمان کردە دوژمنی باش ئەوا لەوانەیە بگەینە ئەو حاڵەتەی کە بەبێ هیچ ڕێکەوتنێک لە یەکێتی ئەوروپا بێینە دەرەوە."

وتیشی یەکێتی ئەوروپا پێشنیاری کردووە ڕوونکردنەوەی زیاتر بدات سەبارەت بە زۆرێک لە ڕووەکانی ئەم ڕێکەوتنە، وتیشی حکومەتەکەی هێشتا هەوڵدەدات گرەنتی سیاسیی و یاسایی زیاتری دەست بکەوێت.

تێریزا مەی چەند جارێک ڕەتی کردۆتەوە کە گشتپرسییەکی دیکە بکرێت سەبارەت بە جیابوونەوەی بەڕیتانیا لە یەکێتی ئەوروپا و وتی ئەوە لەوانەیە دووبەرەکییەکانی نێو ناوخۆی بەڕیتانیا زیاتر بکات و ناپاکی دەبێت لەو خەڵکانەی کە لە ساڵی 2016 دا لە بەرژەوەندیی جیابوونەوەی وڵاتەکەیان لە یەکێتی ئەوروپا دەنگیانگداوە.

وتیشی " با بە ئەنجامدانی گشتپرسییەکی دیکە متمانە لە دەست نەدەین."

وتیشی " ئەنجامدانی گشتپرسییەکی دیکە زیان دەگەیەنێت بە وڵاتەکە و سیاسەتی وڵاتەکەمان، چونکە پەیامێک دەگەیەنێت بۆ ملیۆنان خەڵک کە بڕوایان بە دیموکراسیی هەبووە و پێیان وادەبێت کە دیموکراسیی وڵاتەکەمان لە ئاست پێشبینییەکانی ئەواندا نەبووە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG