وا چاوەڕوان دەکرێت سەرۆک وەزیری بەریتانیا تێریزا مەی ڕووبەڕووی سەرۆک ترامپ ببێتەوە سەبارەت بە دزەکردنی زانیارییەکانی تەقینەوەکەی مانچستەر لەلایەن ڕاگەیاندنەکانی ئەمەریکاوە
مەی بۆ ماوەیەکی کەم بەشداری لە کۆبوونەوەکەی سەرکردەکانی ناتۆدا دەکات لە برۆکسل بەهۆی ئەو هەڕەشە گەورە تیرۆریستییەی کە هەیە لە وڵاتەکەیدا.
بەپێی بی بی سی پۆلیسی بەریتانیا کە کاردەکەن لەسەر ڕووداوەکەی مانچستەر زۆر توڕەن سەبارەت بە دزەکردنی زانیارییەکان و چیتر زانیاری نادەن بە هاوتا ئەمەریکییەکانیان.
دەزگای هەواڵی ڕۆیتەرز لەسەر زاری سەرچاوەیکەوە بڵاویکردەوە سەرچاوەکە وتوویەتی زانیاری گۆڕینەوە سەبارەت بە هێرشەکە لە وەستاندا دەبێت هەتاکوو واشنتن دڵنیاییان دەدات بە بەریتانیا کە چیتر دزە کردنی زیاتر ڕوونەدات.
زۆربەی ڕاگەیاندنەکانی ئەمەریکا ناوی خۆکووژەکەیان بڵاوکردەوە پێش ئەوەی کاربەدەستانی بەریتانی بڵاوی بکەنەوە، نیویۆرک تایمز وێنەی شیکاری لە هێرشەکەوە بڵاوکردەوە کە لەلایەن کاربەدەستانی بەریتانیاوە بڵاونەکرابۆوە.
شایەنی باسە هەتاکوو ئێستا هەشت کەس دەستگیرکراون لە پەیوەندییاندا بە هێرشە خۆکوژیەکەی شەوی دووشەممەی سەر کۆنسێرتەکەی گۆرانیبێژ ئاریانا گراندی. تەقینەوەکە بووە هۆی گیان لەدەستدانی 22 کەس کە مناڵیشیان تێدابووە و 64کەسی دیکەش برینداربوون.
سەرۆک ترامپ پێش کۆبوونەوەکەی سەرکردەکانی ناتۆ وتی تیرۆر بابەتی سەرەکی دەبێت لە گفتوگۆکاندا و هەروەها وتی پێشکەوتنێکی بەرچاویان بەخۆیانەوە بینیوە لە شەڕیاندا دژی تیرۆر.
سەرچاوە / VOA