Accessibility links

بەڕیتانیا دەڵێت پشتیوانی لە مافی ئیسڕائیل دەکات بۆ بەرگریکردن لەخۆی دژی ئێران


سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا تێریزا مەی

سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا تێریزا مەی لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا بە هاوتا ئیسڕائیلیەکەی بنیامین ناتانیاهوی وت پشتیوانی لە مافی ئیسڕائیل دەکات بۆ بەرگریکردن لە خۆی دژی دوژمنکارییەکانی ئێران.

ئیسڕائیل ڕایگەیاند ڕۆژی پێنجشەممە دوای ئەوەی ئێران کۆمەڵێک موشەکی هاویشتووە بۆ ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی ئیسڕائیل لەسەر سنووری سوریا، ئیسڕائیل هێرشی کردۆتە سەر هەموو ژێرخانە ئابوورییە سەربازییەکانی ئێران لە سوریادا.

ئۆفیسی مەی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " سەرۆکی حکومەت سەرکۆنەی هێرشە موشەکییەکانی ئێرانی کردووە بۆ سەر هێزەکانی ئیسڕائیل و وتوویەتی پشتیوانی لە مافی ئیسڕائیل دەکات بۆ بەرگریکردن لە خۆی دژی دوژمنکارییەکانی ئێران."

ناتانیاهو وتی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیل گونجاوە چونکە ئێران هێڵی سووری بەزاندووە.

بەیاننامەکەی بەڕیتانیا دەڵێت " مەی و ناتانیاهو ڕێکەوتوون لەسەر پێویستی ئەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێکەوە کار بکەن بۆ بەرپەرچدانەوەی چالاکییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا و هەروەها ڕێکەوتوون لەسەر ئەوەی دەبێت ڕوسیا دەسەڵاتەکانی لە سوریا بەکاربهێنێت بۆ ڕێگەگرتن لە هەر هێرشێکی دیکەی ئێران."

هەروەها دەشڵێت " مەی دووبارە جەختی لە هەڵوێستی ئێمە کردۆتەوە سەبارەت بە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە و ئاماژەی بەوەداوە کە ئێمە لەگەڵ هاوبەشە ئەوروپییەکانماندا هێشتا پابەندین بە دەستگرتن بە ڕێکەوتنەکەوە و وەکو باشترین ڕێگە سەیری دەکەین بۆ ڕێگەگرتن لە ئێران تاوەکو نەتوانێت چەکی ناوەکیی پەرەپێبدات."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG