Accessibility links

مەی پشتیوانی خۆی بۆ ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران دووپاتدەکاتەوە


سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا تێرێزا مەی لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ دووبارە پشتیوانی لە ڕێکەوتنە ناوەکیەکەی ئێران کردەوە، ئەمەش لە کاتێکدا دێت جیهان چاوەڕوانی بڕیاری ئەمەریکا دەکات کە ئایا لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە دەمێنێتەوە یاخوود نا.

لە بەیاننامەیەکی ئۆفیسی مەیدا هاتووە دەڵێت " سەرۆک وەزیر دووبارە پابەندبوونی بەڕیتانیای بە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەوە ڕاگەیاندووە لە پاڵ هاوبەشە بەهێزە ئەوروپییەکانیدا و وتوویەتی ڕێکەوتنەکە زۆر زۆر گرنگە بۆ ئاسایشی جیهان."

واچاوەڕواندەکرێت سەرۆک ترامپ پابەند نەبوونی ئێران بە ڕێکەوتنە ناوەکییە مێژووییەکەوە ڕابگەیەنێت کە لەنێوان بەڕیتانیا و چین و فەڕەنسا و ئەڵمانیا ڕوسیا و ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپادا واژۆ کراوە سەرەڕای ئەوەی بەرپرسانی باڵای بەڕێوبەرایەتییەکەیی و کۆمپانیاکانی ئەمەریکا ڕاوێژی دەکەن کە پارێزگاری لە ڕێکەوتنەکە بکات.

ئەگەر سەرۆک ترامپ بڵێت ئێران پابەند نیە بە ڕێکەوتنەکەوە ئەوا کۆنگرێس 60 ڕۆژی لەبەردەمدا دەبێت بۆ ئەوەی بڕیار بدات سزاکان بسەپێنێتەوە بەسەر ئێراندا کە پێشتر بەهۆی ڕێکەوتنەکەوە سزاکانی لەسەر لابراوە و لە بەرامبەردا ئێران دەبێت چالاکییە ناوەکییەکانی بوەستێنێت.

وە ئەگەر کۆنگرێسیش ئەم هەنگاوەی نەنا ئەوا ڕێکەوتنەکە نزیک دەبێتەوە لە هەڵوەشاندنەوە ئەگەر هاتوو واشنتن و تاران ڕێوشوێنی توند بگرنە بەر دژی یەکتری.

دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان چەند جارێک ڕایگەیاندووە کە ئێران پابەندە بە بەندەکانی ڕێکەوتنەکەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG