Accessibility links

سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا دەنگدانەکەی پەرلەمانی بەڕیتانیا دواخست


سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا تێریزا مەی وتی دەنگدانەکەی پەرلەمان سەبارەت بە پلانەکەی بۆ جیابوونەوەی بەڕیتانیا لە یەکێتی ئەوروپا دوادەخات بەهۆی ئەوەوە کە پلانەکەی لە دەنگدانەکەی پەرلەماندا شکست دەهێنێت.

مەی وتی " سەرەڕای ئەوەی لایەنە سەرەکییەکان پشتیوانیان لە ڕێکەوتنەکەی جیابوونەوەی بەڕیتانیا لە یەکێتی ئەوروپا نەکردووە، بەڵام هێشتا نیگەرانییەکی زۆر هەیە سەبارەت بە یەک بابەت، سنووری ئێرلەندای باکوور."

وتیشی " لەبەر ئەوە کاتی دەنگدانەکە دوادەخرێت کە وابڕیاربوو ڕۆژی سێشەممە بەڕێوەبچێت و لەم کاتەدا دابەشکاری ناکەین لە پەرلەماندا."

جێی ئاماژەیە لە ماوەی ڕابردوودا بەرپرسانی باڵای بەڕیتانیا بە تایبەتی وەزیری کاروباری جیابوونەوەی بەڕیتانیا لە یەکێتی ئەوروپا وتیان دەنگدانەکە لەکاتی خۆیدا بەڕێوەدەچێت، ئەمەش دوای ئەوەی ڕۆژنامەی تایمزی بەڕیتانی ئاماژەی بەوەدا بوو سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا تێریزا مەی بەنیازە دەنگدانەکە دوابخات چونکە دڵنیایە لەوەی کە پلانەکەی بۆ جیابوونەوەی بەڕیتانیا لە یەکێتی ئەوروپا لە دەنگدانەکەدا شکست دەهێنێت.

تێریزا مەی لە ئێستادا هەوڵدەدات ڕێکەوتنێکی باشتری دەست بکەوێت لە یەکێتی ئەوروپا، بەڵام تا ئێستا ڕوون نیە کە ئایا وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا ڕازی دەبن بە دەستکاریکردنی ڕێکەوتنەکە بەشێوەیەک کە ڕەخنەگرانی ناوخۆی بەڕیتانیا لە ڕێکەوتنەکە ڕازی بکات یاخوود نا.

سەرۆکی حیزبی کرێکارانی بەڕیتانیا جێرێمی کۆربین وتی بەڕیتانیا چیت حکومەتێکی نیە لەتوانایدا هەبێت کاربکات و داوای لە مەی کرد دەستبەرداری حکومەت بێت و بەجێی بهێڵێت بۆ حیزبی کرێکاران.

حیزبە بچووکەکانی دیکەی بەڕیتانیا لەوانە حیزبی نیشتیمانی سکۆتلەندا و حیزبی دیموکراتی لیبڕاڵی وتیان پشتیوانی لە دەنگدانێک دەکەن بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لە حکومەتەکەی مەی.

مەی وتی پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە کە ئایا پەرلەمان دەیەوێت ئیرادەی گەلی بەڕیتانیا جێبەجێ بکات کە دەنگیاندا لە بەرژەوەندی جیابوونەوەی بەڕیتانیا یاخوود کردنەوەی دەرگای دابەشکاری لە وڵاتەکەدا بەوەی کە گشتپرسییەکی دیکە ئەنجام بدرێتەوە.

وتیشی " ئەگەر هەنگاوێک بڕۆینە دواوە، ئەم ئەنجومەنە ڕووبەڕووی پرسیارێکی جەوهەری دەبێتەوە : ئایا ئەم ئەنجومەنە دەیەوێت بەڕیتانیا لە یەکێتی ئەوروپا جیاببێتەوە؟"

مەی جەختی لەوە کردەوە ڕێز لە ئەنجامی گشپرسییەکەی ساڵی 2016 بگیردرێت کە تیایدا 17.4 ملیۆن هاوڵاتی لەبەرژەوەندی جیابوونەوەی بەڕیتانیا دەنگیانگدا کە دەکاتە لە سەدا 52 ی دەنگەکان، لەکاتێکدا 16.1 ملیۆن هاوڵاتی ڕەتیان کردەوە بەڕیتانیا جیا ببێتەوە کە دەکاتە لە سەدا 48. مەی وتیشی بەڕیتانیا بەنیاز نیە لە بڕیارەکەی بۆ جیابوونەوەی وڵاتەکە لە یەکێتی ئەوروپا لە 19 ی مانگی سێی ساڵی داهاتوودا پاشگەز بێتەوە.

XS
SM
MD
LG