Accessibility links

مەی بەڵێن دەدات وتووێژی زیاتر بکات سەبارەت بە جیابوونەوەی بەڕیتانیا لە یەکێتی ئەوروپا


سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا تێریزا مەی

سەرچاوەیەکی حکومی وتی سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا تێریزا مەی دواتر لەم هەفتەیەدا بەڵێن دەدات هەلێکی دیکە بدات بە پەرلەمانی بەڕیتانیا تاوەکو ڕاوبۆچوونی خۆیان دەربڕن سەبارەت بە جیابوونەوەی بەڕیتانیا لە یەکێتی ئەوروپا، ئەمەش لەکاتێکدایە مەی هەوڵدەدات کاتی زیاتری دەست بکەوێت بۆ وتووێژکرن لەسەر ڕێکەوتنێکی نوێ لەگەڵ یەکێتی ئەوروپادا.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی بەرواری جیابوونەوەی بەڕیتانیا لە یەکێتی ئەوروپا کە دەکاتە 29 ی مانگی 3، تێریزا مەی هەوڵدەدات یەکێتی ئەوروپا ڕازی بکات گۆڕانکاری لەو ڕێکەوتنەدا بکەن کە لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا لەندەن و بڕۆکسل لەسەری ڕێکەوتن، بەڵام پەرلەمانی بەڕیتانیا بە زۆرینەی دەنگ ئەو ڕێکەوتنەیان ڕەت کردەوە.

سەرچاوەکە وتی مەی پابەندە بەوەوە کە پەرلەمانی بەڕیتانیا دانیشتنێکی دیکە بکات سەبارەت بە جیابوونەوەکە.

وەزیری بەڕیتانیا بۆ کاروباری جیابوونەوەی وڵاتەکە لە یەکێتی ئەوروپا ستیڤن بارکلی ڕۆژی دووشەممە لەگەڵ نوێنەری یەکێتی ئەوروپا بۆ کاروباری جیابوونەوەکە میشێل بارنییەدا کۆدەبێتەوە بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر گۆڕانکارییەکان لە بەشێکی ڕێکەوتنەکەدا کە تایبەتە بە بەندێکی تایبەت بە ئێرلەنداوە، ئەو بەندەش بەڕیتانیا ناچار دەکات دوای جیابوونەوەکەش پابەند بێت بە یاساکانی بازرگانی یەکێتی ئەوروپاوە تاوەکو ڕێگەیەکی باشتر دەدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی کۆتوبەندی سنووری توند نەخرێتە سەر دوورگەی ئێرلەندا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG