سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا تێریزا مەی بەڵێنیدا لەگەڵ پەرلەماندا زیاتر کراوە بێت لە وتوێژەکاندا لەسەر داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان بەڕیتانیا و یەکێتی ئەوروپا، هەروەها بەڵێنیشیدا ترسەکانی نوێنەرانی پەرلەمان بڕەوێنێتەوە سەبارەت بە ڕێکەوتنی جیابوونەوەکە، ئەمەش بەمەبەستی ئەوەی ڕەزامەندی پەرلەمان بەدەست بهێنێت.
مەی لەبەردەم پەرلەمانی بەڕیتانیادا وتی کراوەتر دەبێت و داواکانی حیزبی کاری ئۆپۆزسیۆنی بەڕیتانیا سەبارەت بە پاراستنی مافەکانی کرێکاران جێبەجێ دەکات و ڕێگەیەک دەدۆزێتەوە بۆ چارەسەرکردنی ترسەکانی پەرلەمان سەبارەت بە سنووری ئێرلەندای باکوور و بەڵێنیدا پابەند بێت بەو ڕێکەوتنەوە کە لە مێژە توندوتیژییەکانی ئەو سنوورەی نەهێشتووە، ئەمەش تیشک دەخاتە سەر سێ گۆڕانکاری لە پلانەکەیدا بۆ جیابوونەوە لە یەکێتی ئەوروپا.
مەی وتی " بە ئەنجامدانی ئەمە ڕێز لە گەلی بەڕیتانیا دەگرین و بەشێوەیەک یەکێتی ئەوروپا بەجێدەهێڵین کە سوود ببەخشێت بە هەموو بەشەکانی وڵاتەکەمان و هەموو هاوڵاتیانمان."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز