وەزیری بەرگری ئەمەریکا جیم ماتیس وتی دانوستانەکانی ئاشتی یەمەنیی لەنێوان لایەنەکانی جەنگدا لەوانەیە لە سەرەتای مانگی دوانزەدا دەست پێبکات.
جێی ئاماژەیە وڵاتانی ڕۆژئاوا داوا دەکەن ڕێکەوتنێکی ئاگربەست ئەنجام بدرێت و هەوڵەکانی ئاشتی بۆ کۆتایی هێنان بە ململانێکانی یەمەن دەست پێبکاتەوە .
لە مانگی سێی ساڵی 2015 دا هاوپەیمانێتی عەرەبی بە ڕابەرایەتی سعودیە هاتە ناو جەنگی یەمەنەوە و دژی حوثییەکان دەجەنگن، ئەمەش لە پێناو ئەوەدا کە سەرۆکی یەمەن بگەڕێننەوە بۆ سەر دەسەڵات کە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دانی پێدانراوە. حوثییەکانی یەمەن دەستیان گرتووە بەسەر زۆرێک لە شوێنەکانی یەمەندا بە سەنعای پایتەختیشەوە.
نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان مارتن گریفیث بە ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانی ڕاگەیاند لایەنەکانی جەنگی یەمەن جەختیان لەوە کردۆتەوە ئامادەی دانوستانەکانی ئاشتی دەبن کە لەوانەیە لە کۆتایی ساڵدا لە سوید بەڕێوەبچێت.
وەزیری بەرگری ئەمەریکا جیم ماتیس بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئەگەرێکی زۆر هەیە سەرهەڵداوانی یەمەن و حکومەتی یەمەن لە سەرەتای مانگی دوانزەدا لە سوید کۆببنەوە."
جێی ئاماژەیە لە مانگی نۆدا دانوستانەکان شکستیان هێنا بەهۆی ئەوەوە کە حوثییەکان ئامادەی کۆبوونەوەکە نەبوون.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز