Accessibility links

وەزیری بەرگری ئەمەریکا لەگەڵ سەرکردەکانی قەتەڕدا کۆدەبێتەوە


وەزیری بەرگری ئەمەریکا جەیمس ماتیس بە سەردانێکی ڕانەگەیەنراو گەیشتە قەتەڕ بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ ئەمیر و وەزیری بەرگری قەتەڕدا لە گەورەترین بنکەی سەربازیی ئەمەریکا لە قەتەڕ.

ماتیس گەیشتە بنکەی ئاسمانی ئودێد، چەند ڕۆژێک دوای ئەوەی ئەمیری قەتەڕ شێخ تەمیم بن حەمەد ئەل ثانی لەمیانەی وتارەکەیدا لەبەردەم کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای " گفتوگۆیەکی بێ مەرجانە"ی کرد بۆ کۆتایی هێنان بە ناکۆکییەکانی نێوان وڵاتەکەی و چوار وڵاتە عەرەبییەکەی دیکە.

جێی ئاماژەیە چەند مانگێک لەمەوبەر هەریەک لە وڵاتانی سعودیە و ئیماڕات و بەحرەین و میسڕ پەیوەندییەکانیان لەگەڵ قەتەڕدا بڕی و بە تۆمەتی کۆمەکیکردنی تیرۆریستان تۆمەتبارییان کرد. قەتەڕیش لەلای خۆیەوە هەموو ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە و هەتاوەکوو ئێستا ناکۆکییەکانی نێوانیان کۆتایی نەهاتووە.

سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە کۆبوونەوەکەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا چاوی بە ئەمیری قەتەڕ کەوتوو و بەڕۆژنامەنووسانی وت " هەستێکی زۆر بەهێز"ی هەیە سەبارەت بەوەی ناکۆکییەکان زۆر بەخێرایی چارەسەر دەکرێن. هەروەها سەرۆک ترامپ ڕۆڵی نێوەندگیری لە ناکۆکییەکاندا پێشکەش کردووە.

گەورەترین بنکەی سەربازیی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

بنکەی سەربازیی ئەل ئودەید لە قەتەڕ گەورەترین بنکەی ئاسمانی سەربازیی ئەمەریکایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و وەکوو دەستەی بەڕێوبەرایەتی ئەرکە سەربازییەکانی فەرماندەی ناوەندی ئەمەریکا خزمەت دەکات و نزیکەی 10,000 سەربازیی ئەمەریکی تێدایە.

سەرچاوە/ VOA

XS
SM
MD
LG