وەزیری بەرگری ئەمەریکا لە دووەمین کونفڕانسی نێونەتەوەیی ئاسایش کە لە شاری مەنامە پێتەختی بەحرێن پێکهاتووە جارێکی دیکە لە سەر هەڵوێستی ئەمەریکا لە بەرەنگاری بەرامبەر بە هەنگاوەکانی ئێران لە ناوچەکەدا جەختی کردەوە.
بەڕێز مەتێس گوتی: "ئەو وڵاتانەی خاوەن بیری هاوبەش کە لێرەدا کۆبوونەتەوە لە هەوڵی شەڕ و ئاژاوەدا نین. بەلام هەروەک ماێک پەمپێۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گوتویەتی ناتوانین هەوڵەکانی شەڕەنگێزانەی رژیمی یاخیبووی ئێران و ڕێکخراوەکانی توندڕەوی دیکە لەبەرچاونەگرین. بە ئەو پێیە جارێکی دیکە لە سەر هەڵوێستی واشنگتن لە بەرەنگاری بەرامبەر بە هەوڵەکانی ئێران بۆ وەدەست هێنانی چەکی پێشکەوتوو و یارمەتی دارایی و چەک بە ملیتانەکان لە عێراق، سوریە، یەمەن، لوبنان و تەنانەت لە بەحرەین جەخت دەکەینەوە."
بەڕیز مەتیس گوتی کە ئەمەریکا ئامادەیی لەشکری خۆی لە خاکی سوریەدا درێژە پێدەدات.
ئەو گوتی: "لە سوریە، هاوبەندییەکی پێکهاتوو لە ٧٠ ولات بۆ خاشەبڕکردنی پاشماوەکانی داعش لە ئارادایە. رژیمی بەشار ئەسەد تەنیا بە هۆی پشتیوانی روسیا و ئێران لە سەر دەسەڵاتدا ماوەتەوە. ئەمەریکاش تا ئەو کاتەی ملیتانەکانی توندڕەوی لەشکری لە سوریا دان و هەڕەشە لە بەرژەوەندێکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانانی دەکەن لە سوریا دا دەمێنێتەوە. جەخت دەکەمەوە کە شەڕێ نێوخۆیی سوریە پیویستی بە ڕێگاچارەیەکی سیاسیە و ئەمەریکا لە هەوڵەکان بۆ دامەزراندنی ئاشتی لە ڕێگای ڕەوتی ژنێڤ و پەیرەوی لە بڕیارنامەی ٢٢٥٤ی ئەنجومەنی ئاسایش ڕێزدەگرێت."
وەزیری بەرگری ئەمەریکا هەروەها خوازیاری کۆتایی پێهێنانی هەرچی خێراتر بە شەڕێ نێوخۆیی یەمەنە و گوتی: "ئەمەریکا لە ئەو هەوڵانە کە بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی لە یەمەندا دەکرێت، پشتیوانی دەکات. سیاسەتی ئێمە لە ئەو بارەیەوە یارمەتی بۆ بەهێزکردنی هێزەکانی ئاسایش و ڕەوای یەمەن وبەهێزکردنی نیازەکانی بەرگری لایەنەکی ئەمەریکایە. وێڕای پشتیوانی لە لایەنەکانی ئەمەریکا بۆ بەرگری لە خاک و دەسەلاتداری خۆیان لە بەرامبەر هێرشی سەرهەڵداوانی بە پشتیوانی ئێران، لە هەمان کاتدا خوازیاری کۆتایی پێهێنانی خێرا بە دوژمنایەتی لە یەمەن داین.