Accessibility links

وەزیری بەرگری ئەمەریکا جیم ماتیس باسی لە ناکۆکییەکانی نێوان قەتەڕ و چەند هاوپەیمانێکی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد و بە بارودۆخێکی ئاڵۆز ناودێریکرد و وتیشی یارمەتی ئەمەریکا بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان پێویستە.

ماتیس وتی " باوەڕم وایە شازادە تەمیم بن حەمەدی دووەمی قەتەڕ خۆی خستۆتە بارودۆخێکی زۆر قورس و ئاڵۆزەوە، وە هەوڵدەدات کۆمەڵگا بەرەو ئاڕاستەیەکی ڕاستدا بەرێت، بەڵام هەموومان هاوڕاین لەسەر ئەوەی پشتیوانیکردنی هەر جۆرە گروپێکی تیرۆریستی لەدژی بەرژەوەندی هەموومانە."

ماتیس وتی سەرۆک دانۆڵد ترامپ گرنگی بەوە دەدات پشتیوانیکردن لە تیرۆریستان نەمێنێت.

وتیشی باوەڕی وایە قەتەڕ بەرەو ئاڕاستەیەکی ڕاست دەڕوات سەبارەت بە نەهێشتنی پشتیوانیکردنی بۆ تیرۆریستان و ئەمەریکا پێویستی بووە بەرژەوەندی هاوبەش بدۆزێتەوە لەگەڵ قەتەڕدا.

بنکەی ئاسمانی ئەل یودیدی قەتەڕی گەورەترین بنکەی ئاسمانی ئەمەریکایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەستەی بەڕێوبەرایەتی ئەرکە سەربازییەکانی فەرماندەی ئەمەریکا لەوێوە دەکرێن و زیاتر لە 10,000 سەربازی ئەمەریکای لێیە.

شایەنی باسە سعودیە و یەمەن و میسڕ و ئیمارات پەیوەندییەکانیان لەگەڵ قەتەڕدا بڕی و هەموو هێڵەکانی گواستنەوەیان بۆ قەتەر وەستاند و قەتەڕیان بە تۆمەتی پشتیوانیکردن لە تیرۆر تۆمەتبارکرد.

لەماوەی دانیشتنەکەدا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران ئادەم سمیث وتی " ستراتیژی بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ سەبارەت بە قەتەڕ ڕوون نیە."سەرۆک ترامپی تۆمەتبار کرد بەوەی پشتیوانی لە سعودیە کردووە و قسەی بە قەتەڕ وتووە.

وتیشی " ئێمە دەبێت ڕێگەچارەیەک بدۆزینەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە نەک بەنزین بکەین بە ئاگرەکەدا."

سەرچاوە/ VOA

XS
SM
MD
LG