Accessibility links

ماتیس: دوای 18 ی مانگی سێ دەست دەکەینەوە بە مەشقە سەربازییەکان لەگەڵ سیئۆلدا


وەزیری بەرگری ئەمەریکا جەیمس ماتیس

وەزیری بەرگری ئەمەریکا جەیمس ماتیس سەبارەت بە دواخستنی مانۆڕە سەربازییە هاوبەشەکانی نێوان ئەمەریکا و کۆریای باشوور وتی مەشقە سەربازییەکانی نێوان ئەمەریکا و کۆریای باشوور دوادەخرێت بۆ دوای کۆتایی هاتنی یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی زستانە کە لە 18ی مانگی سێدا کۆتاییان پێدێت و هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ هۆکاری لۆجیستیکی.

لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان ماتیس وتی فشارە نێودەوڵەتییەکانی سەر کۆریای باکوور بەهۆی بەرنامە ناوەکیی و موشەکییەکەیەوە هۆکارێکە بۆ ئەوەی کە پیۆنگیانگ دەڵێت ئامادەیە لەگەڵ سیئۆلدا گفتوگۆ بکات. بەڵام ئاماژەشی بەوەدا کە ئێستا زۆر زووە حوکم لەسەر ئەو پێشنیارەی کۆریای باکوور بدەین.

وتی " کاتی زۆری پێوە ناکوژین چونکە بەڕاستی ئێمە نازانین ئایا ئەوە ڕاستیە یان نا."

هەروەها لەلای خۆیەوە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر پێشوازی لەو گفتوگۆیانە کردووە کە ئەگەری هەیە لەنێوان سیئۆل و پیۆنگیانگدا ڕووبدەن و وتی ئەوە شتێکی باشە.

کۆشکی شینی سەرۆکایەتی کۆریای باشوور لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند سەرۆک ترامپ لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا بە سەرۆکی کۆریای باشوور مون جەی ئینی ڕاگەیاندووە کە هیوادارە گفتوگۆکانی نێوان دوو کۆریاکە ئەنجامی باشی هەبێت.

سەرۆک ترامپ سەبارەت بە ئەگەری ئەنجامدانی گفتوگۆکان لەنێوان دوو کۆریاکەدا هۆکارەکەی بۆ خۆی گەڕاندەوە و دەڵێت ئەگەر من نەبوومایە ئەم گفتوگۆیانە لەم کاتەدا ئەنجام نەدەدران.

سەرۆک ترامپ لە تویتێکدا نوسیویەتی " ئایا کەس بڕوا بەوە دەکات گفتوگۆی نێوان کۆریای باشوور و کۆریای باکوور لەم کاتەدا ئەنجام بدرێت ئەگەر من ئامادە و بەهێز نەبوومایە بۆ پیشاندانی هەموو هێزی خۆمان بۆ ڕووبەڕووبونەوەی باکوور، گفتوگۆکان شتێکی باشن!"

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG