وەزیری دەستلەکارکێشاوەی بەرگری ئەمەریکا جیم ماتیس کۆتا پەیامی خۆی ئاڕاستەی سوپای ئەمەریکا کرد پێش ئەوەی واز لە پۆستەکەی بهێنێت و داوای لێکردن متمانەیان بە وڵاتەکەیان بپارێزن و لەگەڵ هاوپەیماناندا بمێننەوە.
ماتیس بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکانیەوە لەگەڵ سەرۆک ترامپدا دەستی لەکارەکەی کێشایەوە، زۆر کەس ماتیسیان بە هۆکارێک دەزانی بۆ جێگری سیاسەتی بەرگری ئەمەریکا. ئێستا ماتیس وازی لەکارەکەی هێنا و پۆستەکەی بەجێ هێشت بۆ جێگرەکەی پاتریک شانەهان.
لە پەیامەکەیدا ماتیس دانی بەوەدا ناوە شپرەزەییەکی سیاسی هەیە لە واشنتندا، بەڵام داوای لە سوپا کرد بەجێگیری بمێننەوە لە پشتیوانیکردنی دەستوور و پاراستنی شێوازی ژیانی ئەمەریکاییەکان.
وتی " وەزارەتەکەمان سەلماندی کە دەتوانێت لە خراپترین و قورسترین کاتدا باشترین بێت. متمانەتان بە وڵاتەکەمان بپارێزن و لە پاڵ هاوپەیمانەکانماندا بن و بەرگە بگرن لە ڕووبەڕوونەوەی دوژمنەکانماندا."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز