Accessibility links

گۆڕێکی بە کۆمەڵی 70 کەسی لە نزیک دیمەشق دۆزرایەوە


جادەیەکی شارۆچکەی دوما
جادەیەکی شارۆچکەی دوما

ئاژانسی هەواڵی سانای دەوڵەتی سوریا ئەمرۆ دوو شەممە ڕایگەیاند سوپای وڵاتەکەی گۆڕێکی بە کۆمەڵی دۆزیوەتەوە لە ناوچەیەکی نزیک دیمەشق کە پـێشتر لە ژێر دەستی هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆندا بووە.

سانا ڕایگەیاند گۆڕەکە لە ناوچەی غوتەی ڕۆژهەڵات دۆزراونەتەوە و ئێسگ و پـروسکی نزیکەی 70 کەسی تێدایە کە کەسی سڤیل و کارمەندی ئاسایش بوون بە دەستی گروپە تێرۆرستیـیەکان کوژراون.

گروپەکانی دژ بە حکومەت و توندڕەوەکان بۆ ماوەی 6 ساڵ بوو ئەو ناوچە نیمچە شاریـیەی ڕۆژهەڵاتی دیمەشقیان لە ژێر دەستدا بوو هەتا ساڵی 2018 کە هێزەکانی حکومەت لە پاش سەپاندنی گەمارۆیەکی درێژ و خوێناوی توانیان کۆنترۆڵی بکەنەوە.

کاربەدەستێکی باڵای پۆلیس بە ئاژانس سانای گوتووە پێدەچێت ئەو کەسانە لە نێوان ساڵانی 2012 بۆ 2014 کوژرابن.

گۆڕە بە کۆمەڵەکە دەکەوێتە نزیک شارۆچکەی سەرەکی دوما لە غوتەی ڕۆژهەڵات ئەو ناوچەیەی پێشتر لە ژێر دەستی گروپی ناسراو بە جەیش ئەلئسلام بوو.

بە گوێرەی لێدوانی بەرپرسان بۆ سانا، زۆربەی قوربانیـیەکان کە لە نێویاندا ژنانیش هەن بەستراونەتەوە و بە گولە لە سەریان دراوە.

چەندین گۆڕی بە کۆمەڵ لەم چەند ساڵانەی دواییدا لە سوریا دۆزراونەتەوە، زۆربەشیان لەو ناوچانە بوون کە پێشتر لە ژێر دەستی گروپی دەوڵەتی ئیسلامی داعش بوون.

بە گوێرەی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ 380 هەزار کەس کوژراوان لەوەتای جەنگ لە ساڵی 2011 وە دەستی پێکردوە، وە بە هەزارانیان تا ئێستا بێ سەرو شوێنن ، هەفتەی ڕابردوو کۆمەڵەی چاودێرانی مافەکانی مرۆڤ داوایان لە دەسەڵاتدارانی سوریا کرد لێکۆڵینەوە لە چارەنووسی ئەو کەسانە بکەن.

XS
SM
MD
LG