بەرپرسانی لیبیا دەڵێن 18 تەرمییان لە گۆڕێکی بە کۆمەڵدا دۆزیوەتەوە کە دەکەوێتە شوێنێکەوە بە درێژایی کەناری لیبیا کە پێشتر لە ژێر کۆنتڕۆڵی ڕێکخراوی داعشدا بووە.
دەسەڵاتی کەسانی بێسەرووشوێن لە بەیاننامەیەکدا وتی تەرمەکان لە ناوچەی سابای شاری سیرتی دۆزراونەتەوە. وتیشی تەرمەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی ناوخۆ لە ناوچەکەدا.
سیرتی کە شوێنی لە دایک بوونی دیکتاتۆری پێشووی لیبیا موعەمەر قەزافییە، لە نێوان ساڵەکانی 2015 بۆ 2016 دا کەوتە ژێر دەسەڵاتی چەکدارانی داعشەوە. لە نێوەندی پشێوی و بێسەرووبەرییەکەی لیبیادا دوای شۆڕشەکەی ساڵی 2011 و دەستوەردانی ناتۆ لە ململانێکەدا، چەکدارانی داعش لەگەڵ چەکدارانی ئەل قاعیدەدا خاکێکی زۆرییان لە لیبیای دەوڵەمەند بە نەوت کۆنتڕۆڵ کرد.
لە مانگی دوانزەی ساڵی 2016 دا هێزەکانی لیبیا بە پشتیوانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان و حکومەتی دانپێدانراوی لیبیادا شارەکەیان کۆنتڕۆڵ کردەوە. سەدان چەکداری پێشووی داعش لە زیندانەکانی لیبیادا ماونەتەوە و زۆرێکیان چاوەڕیی دادگایکردنیان دەکەن.
لە دوای دوورخستنەوەی قەزافی و کوشتنییەوە، لیبیا لە نێوان دەسەڵاتدارە ڕکابەرەکاندا دابەش بووە. سیرتی ئێستا لەلایەن هێزەکانی سەر بە ڕابەری سەربازیی خەلیفە حەفتەرەوە کۆنتڕۆڵ کراوە کە بنکەکەی لە ڕۆژهەڵاتی لیبیادایە.
دەسەڵاتی کەسانی بێسەرووشوێن لە بەیاننامەکەیدا وتی لە هەوڵێکدا بۆ ناسینەوەی تەرمەکان، نموونەیان لە ئێسکی مردووەکان کۆکردۆتەوە. هۆکاری مەرگی ئەو کەسانەش ئاماژەی پێنەدراوە.
لەمدواییانەدا چەندین گۆڕی بە کۆمەڵ لە لیبیا دۆزراونەتەوە. لە مانگی 10 دا بەرپرسان وتیان گۆڕێکی بە کۆمەڵییان لە شوێنێکی قوتابخانەدا لە سیرتی دۆزیوەتەوە کە 42 تەرمی تێدا بووە.
لە مانگی دوانزەی ساڵی 2018 دا تەرمی زیاتر لە 30 پیاو لە نزیک سیرتی دۆزرانەوە، باوەڕوابوو لاشەی کریستیانە ئیسیوپییەکان بووبێتن کە چەکدارانی داعش لە گرتە ڤیدیۆیەکدا دەیانکوژن و چەند ساڵێک لەوەوبەر ڤیدیۆکە بڵاوکرابۆوە.
لە شارۆچکەی تارهونای ڕۆژئاواش سەدان لاشە لە سەرانسەری چەندین گۆڕستاندا دۆزرانەوە کە چەکدارانی سەر بە خەلیفە حەفتەر لە مانگی شەشی ساڵی 2020 دا لە ناوچەکەدا کۆیکردنەوە.
سەرچاوە/ AP