Accessibility links

توێژەرە ئەمەریکاییەکە دوای ڕزگارکردنی لە ئەشکەوتەکەی تورکیادا بارودۆخی باشە


بەرپرسان دەڵێن توێژەرە ئەمەریکاییەکە دوای ڕزگارکردنی لە ئەشکەوتێکی تورکیادا گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی تورکیا و بارودۆخی باشە، ئەمەش دوای ئەوەی تیمەکانی فریاگوازاری لەو ئەشکەوتەدا دەرییانهێنایەوە کە توێژەرەکە تێیدا بە شێوەیەکی مەترسیدار نەخۆش کەوت و لە قووڵایی زیاتر 1000 مەتردا لە ناو ئەشکەوتەکەدا گیریخوارد.

تیمەکانی فریاگوزاری تورکیا و سەرانسەری ئەوروپا دڵخۆشی خۆیان دەربڕی و چەپڵەیان لێدەدا لە کاتێکدا کە مارک دیکی تەمەن 40 ساڵی بە ئەزموون لە ئەشکەوتەکاندا، لە ئەشکەوتی مۆرکای چیاکانی تاوروسی باشووری تورکیا هێندرایە دەرەوە. دواتر بە فڕۆکەیەکی هێلیکۆپتەر گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی ئەو نزیکانە لە شاری مێرسین.

دیکی لە 2 ی مانگی نۆدا لە قووڵایی 1000 مەتر لە ناو ئەشکەوتەکەدا نەخۆش کەوت و توشی خوێنبەربوونی گەدە بوو، هۆکاری نەخۆش کەوتنەکەشی هێشتا نەزاندراوە.

دیکی دوای ڕزگارکردنی بە ڕۆژنامەنووسانی وت ئەو نۆ ڕۆژەی لە ئەشکەوتەکەدا بووە " سەرکێشییەکی زۆر شێتانە بووە."

وتی " زۆر سەرسوڕهێنەرە دووبارە بێیتەوە سەرەوەی زەوی." دیکی توێژەرێکی ناسراوی ئەشکەوتەکانە و خۆی لەو کەسانەیە کە خەڵک لە ناو ئەشکەوتەکاندا ڕزگار دەکەن. هەروەها سوپاسی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەشکەوتەکان و ئەشکەوتناسانی تورکیا و تیمی فریاگوزاری هەنگاریا و ئەوانی دیکەی کرد.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG