بەپێی لێکۆڵەرەوەکانی پۆلیسی بەریتانیا خۆکوژەکەی مانچستەر سەلمان عوبەیدی خۆی زۆربەی پارچە سەرەکییەکانی بۆمبەکەی کڕیوە و زۆربەی کارەکانیشی بە تەنها ئەنجامداوە.
پۆلیسی بەریتانیا لەدوای هێرشەکەوە کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی 22 کەس و برینداربوونی 116کەسی دیکە هەتاکوو ئێستا 16 کەسیان دەستگیرکردووە.
ڕوس جاکسنی سەرۆکی یەکەی دژە تیرۆری وێست وتی " لێکۆڵینەوەکانمان دەریدەخەن کە عوبەیدی خۆی زۆربەی پارچە سەرەکییەکانی بۆمبەکەی کڕیوە و وا دەردەکەوێت زۆربەی کارەکانی کە ئەنجامیداوە بە تەنها ئەنجامیداون لەمیانەی ئەو چوار ڕۆژەدا کە لە وڵاتەکەدا بووە و ئەو هێرشە قێزەونەی ئەنجامداوە."
جاکسن وتی " ئێمە باش شارەزای ئەو پارچانەی بۆمبەکەین و دەزانین لەکوێوە هاتوون."
کاربەدەستان هێشتا لێکۆڵینەوە لەوە دەکەن کە ئایا عوبەیدی بەشێک بووە لە تۆڕێکی تیرۆریستی فراوانتر یاخوو بە تەنها کاری کردووە، هێشتا هیچ ئەگەرێک لەو دوو ئەگەرە لانەبراوە.
سەرچاوە / VOA