ڕۆژی یەکشەممە هەزاران کەس لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا خۆپیشاندانیان دژی کۆبوونەوەکەی هاوپەیمانێتی ناتۆ ئەنجامدا کە وابڕیارە لەم هەفتەیەدا لە پایتەختی ئیسپانیا بەڕێوەبچێت.
لەنێوەندی پتەوکردنی ئاسایشی پایتەختدا، ڕابەرانی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ لە 29 - 30 ی مانگی شەشدا لە مەدرید کۆدەبنەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە هاوپەیمانێتییەکە ڕووبەڕووی تەحەدایەکی بێپێشینە بووەتەوە بەهۆی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا.
پێشبینی دەکرێت هاوپەیمانێتی ناتۆ تاوتوێی داواکەی سوید و فینلەندا بکات بۆ چوونە پاڵ هاوپەیمانێتییەکە، کە لەلایەن تورکیای ئەندامی هاوپەیمانێتییەکەوە دژایەتی دەکرێت.
بەهۆی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا، سوید و فینلەندا بە فەڕمی داوای ئەندامێتییان کرد لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا.
خۆپیشاندەرانی مەدرید بە گۆرانییەوە دەیانوت " تانکەکان، بەڵێ، بەڵام بە بیرە و تاپاسەوە." خۆپیشاندەران بانگەشەی ئەوەیان دەکرد داواکانی ناتۆ بۆ زیادکرنی خەرجییەکانی بەرگری هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی.
دانیشتوویەکی خانەنشینی مەدرید بە ڕۆیتەرزی وت " بێزار بووم لە بازرگانیکردن بە چەک و کوشتنی خەڵکەوە. ئەو چارەسەرانەی ئەوان پێشنیاری دەکەن چەک و جەنگی زیاتری تێدایە و هەمیشەش ئێمە باجەکەیمان داوە. لەبەر ئەوە، نە ناتۆمان دەوێت و نە بنکەی سەربازیی، ئەمەریکییەکان با بڕۆن و بە جەنگ و چەکەوە لێمان دوورکەونەوە."
خۆپیشاندەرێکی دیکە کە تەمەنی 29 ساڵە وتی ناتۆ چارەسەری جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا نیە.
ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکان بانگەشەی ئەوەیان کرد 5000 کەس بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکاندا کردووە، بەڵام بەرپرسانی مەدرید وتیان 2,200 کەس بەشدارییان کردووە.