Accessibility links

ماکرۆن ئەردۆگان تۆمەتبار دەکات بەوەی بەڵێنەکانی سەبارەت بە لیبیا نەبردۆتەسەر


سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن هاوتا تورکییەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی تۆمەتبار کرد بەوەی ئەو بەڵێنانەی کە دایبوونی لە کۆنگرەی نێودەوڵەتیدا سەبارەت بە لیبیا نەیبردوونەتەسەر، ئەمەش دوای ئەوەی کەشتیە جەنگیە دەریاییەکانی تورکیا و چەکدارانی سوریی گەیشتنە لیبیا.

ماکرۆن لەمیانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ سەرۆک وەزیری یۆنان کیریاکۆس میتستاکیسدا وتی " دەمەوێت نیگەرانی خۆم دەرببڕم سەبارەت بە ڕەفتارەکانی ئێستای تورکیا و ئەو ڕەفتارانە بەتەواوەتی لەگەڵ ئەو قسانەدا ناگونجێن کە سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان لە کۆنگرەکەی بەرلیندا بەڵێنی لەسەردان."

ئەم لێدوانانەی ماکرۆن هەفتەیەک دوای ئەوە دێت ئیمارات و میسڕ و ڕوسیا لەلایەک کە پشتیوانی لە خەلیفە حەفتەر دەکەن لەگەڵ تورکیادا کە پشتیوانی لە حکومەتەکەی تەڕابلوس دەکات و هەروەها لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوادا لە بەرلین ڕێکەوتن لەسەر ئەوەی فشار بکەن تاوەکو بگەن بە ئاگربەستی هەمیشەیی و پابەند بن بە قەدەغەکردنی پێدانی چەک بە لایەنەکانی شەڕی ناوخۆی لیبیا.

لەگەڵ ئەوەشدا، شەڕ و پێکدادانەکان لە دوای کۆنگرەکەوە زیاتر بوون لە کاتێکدا سوپای نیشتیمانی لیبیا بە ڕابەرایەتی خەلیفە حەفتەر بەرەیەکی نوێی جەنگی کردەوە لەڕێی جووڵاندنی هێزەکانی بە ئاڕاستەی شاری مەسراتە لە ڕۆژئاوای وڵاتەکە.

ماکرۆن جەختی لە بوونی کەشتی جەنگی دەریایی تورکیا کردەوە لە لیبیا و ئەنکەرەی تۆمەتبار کرد بە پێشێلکردنی سەروەری لیبیا و هەروەها تۆمەتباریشی کرد بەوەی ئاسایشی ئەوروپا و ڕۆژئاوای ئەفریقای خستۆتە مەترسییەوە.

ماکرۆن وتی " لەم ڕۆژانەی دواییدا گەیشتنی کەشتیە جەنگییە تورکییەکانمان بینی بە هاوەڵی چەکدارانی سوری بۆ سەر خاکی لیبیا. ئەمە پێشێلکارییەکی ڕوون ئاشکرا و مەترسیدارە و لەگەڵ ئەو ڕێکەوتنەدا یەک ناگرێتەوە کە لە بەرلین واژۆ کراوە، هەروەها تورکیا بەڵێنەکەی نەبردەسەر."

لە 25 ی مانگی یەکدا نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەدا هەندێک لەو وڵاتانەی کە پشتیوانی لە لایەنە جیاکانی شەڕی ناوخۆی یەمەن دەکەن قەدەغەکردنی هەناردەی چەکیان بۆ لیبیا پێشێلکردووە، ئەمەش بەبێ ئەوەی ناوی ئەو وڵاتانە ئاشکرا بکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG