سەرۆکی فەڕەنسا لە مەراسیمی ساتێک بێدەنگیدا بۆ ئەو قوربانیانەی کە لە بنکەیەکی پۆلیس لەلایەن کارمەندێکی بنکەکەوە بە چەقۆ کوژران وتی فەڕەنسا پێویستی بە " کۆمەڵگەیەکی هۆشیار " هەیە لە جەنگیدا دژی توندڕەویی ئیسلامی.
لە وتارەکەیدا ماکرۆن توندڕەویی ئیسلامی بە " هایدرا " ناودێر کرد، هایدرا دروستکراوێکی خەیاڵیە و کۆمەڵێک سەری هەیە، هەرکاتێک سەرێکی دەبڕیت سەرێکی دیکە دروست دەبێتەوە.
کارمەندەکە لە بەشی تەکنەلۆجیای زانیاری لەو بنکەیەدا کاری کردووە و هەفتەی ڕابردوو بە چەقۆ سێ ئەفسەری پۆلیس و دوو کارمەندی بەڕێوبەرایەتی لەو بنکەیەدا کوشت .
بەرپرسان دەڵێن لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریدەخەن هێرشبەرەکە لە دوورگەی مارتینیک لەدایک بووە و ماوەیەک لەوەوبەر چۆتە سەر ئاینی ئیسلام و پەیوەندیی هەبووە لەگەڵ کۆمەڵێک خەڵکدا کە سەر بە جووڵانەوەیەکی ئیسلامیی سەلەفی بوون.
ماکرۆن وتی " دەزگا هەواڵگرییەکان بە تەنها و هەموو دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتەکە کۆبکەرەوە بە تەنها ناتوانن بەسەر هایدرای ئیسلامیدا زاڵببن."
وتیشی " شتەکە دەکەوێتە سەر شانی هەموو نەتەوەکە کە پێویستی بەوەیە یەکبگرن و هەموو هێزەکان کۆبکەنەوە و ئامادەی کارکردن بن." وتیشی فەڕەنسا پێویستی بە دروستکردنی " کۆمەڵگەیەکی هۆشیار هەیە کە تیایدا هەمووان بگەڕێن بەدوای بەڵگەدا لەسەر ئەو کەسانەی کە ڕووبەڕووی مەترسی دەبنەوە لەژێر کاریگەریی تۆڕە ئیسلامییە توندڕەوەکاندا."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز