Accessibility links

ماکرۆن پێشنیارێکی پوتن ڕەت دەکاتەوە


سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن ڕەتی کردەوە پێشنیارێکی ڕوسیای پەسەند کردبێت سەبارەت بە ڕاگرتنی بڵاوکردنەوەی موشەک لە ئەوروپا، بەڵام وتی پێویستە هەروا بە ئاسانی ئەم دەستپێشخەرییەی کرێملن ڕەت نەکرێتەوە.

دوای کۆتای هاتنی پەیماننامەی هێزی ناوەکی مەودا ناوەند بە فەڕمی لە مانگی هەشتدا، ڕوسیا داوای لە ئەمەریکا و وڵاتانی دیکە کرد ڕاگرتنی بڵاوکردنەوەی موشەکی مەودا کورت و ناوەند ڕابگەیەنن.

ماکرۆن کە ڕۆژی پێنجشەممە بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگدا کۆبۆوە وتی " فەڕەنسا هەرگیز ئەو پێشنیارەی پەسەند نەکردووە وەکو چۆن لە ڕۆژنامە ئەڵمانییەکاندا بڵاوکراوەتەوە کە گوایە ماکرۆن بە پێشنیارەکەی پوتن ڕازی بووە."

وتیشی " بەڵام ئێمە ئەم پێشنیارە وەکو بنەمایەکی گفتوگۆکردن دەبینین، پێویستە تەنها ڕەتی نەکەینەوە، با جددی بین، ئێمە باسی ئاسایشی ئەوروپا دەکەین."

پەیماننامەی هێزی ناوەکی مەودا ناوەندی نێوان ئەمەریکا ڕوسیا کە بەروارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی جەنگی سارد، بڵاوکردنەوە موشەکی سەر زەوی قەدەغە دەکات و هەموو ئەو موشەکانە دەگرێتەوە کە مەوداکەیان لەنێوان 310 بۆ 3400 مایڵدایە.

ماکرۆن وتی وڵاتانی ئەوروپا دەبێت ڕۆڵێکیان هەبێت لە گفتوگۆکاندا دوای بەسەرچوونی ماوەی پەیماننامەکە.

وتیشی " ئەمەریکا پەیماننامەی هێزی ناوەکی مەودا ناوەندی هەڵوەشاندەوە، بەڵام بەبیرتان دەهێنمەوە کە ئاسایشی ئێمە و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانمان کەوتۆتە مەترسییەوە."

هەروەها وتی " ئەمە مانای ئەوەیە کە گرنگە ئێمە بەشدار بین لە پەیمانناکەی دواتردا. ناکرێت ئاسایشمان بخەینە ژێر دەستی ڕێکەوتنێکی دوو قۆڵییەوە کە ئەوروپییەکان تیایدا بەشدار نەبن."

ماکرۆن دانی نا بە نیگەرانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا لە نزیکبوونەوەیان لە ڕوسیاوە و وتی فەڕەنسا بە بەهێزییەوە بەرگری لە سەروەری هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی دەکات ئەگەر هێرشیان بکرێتەسەر، هەروەها ئاماژەشی بەو هێزانەدا کە لە وڵاتانی بەڵتیک بوونیان هەیە.

ماکرۆن پرسی " ئایا نەبوونی گفتوگۆکردن لەگەڵ ڕوسیادا کیشوەری ئەوروپای زیاتر پارێزراو کردووە؟ پێم وانیە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG