سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن دەڵێت ئەوروپا هیچ بەرژەوەندییەکی نییە لە خێراکردنی قەیرانەکان لەسەر تایوان و دەبێت پەیڕەوی ستراتیژییەکی تایبەت بە خۆی بێت نەک سیاسەتەکانی ئەمەریکا و چین.
ماکرۆن دوای سەردانە سێ ڕۆژییەکەی بۆ چین گەڕایەوە بۆ فەڕەنسا. لە چین لەلایەن سەرۆکی چین شی جین پینگەوە پێشوازییەکی گەرمی لێکرا. ڕۆژی شەممە چین مەشقە سەربازییەکانی لە دەوروبەری تایوان دەستپێکرد، ئەوەش وەکو وەڵامێکی توند بۆ کۆبوونەوەکەی ڕۆژی چوارشەممەی نێوان سەرۆکی تایوان تسای ئینگ وێن و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا کێڤن مککارثی.
چین تایوانی دیموکراتخواز بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت و دەڵێت دەبێت لەگەڵ چیندا یەکبخرێتەوە، هەروەها دەڵێت بەپێی بنەمای " یەک چین " هیچ وڵاتێک نابێت لە هەمان کاتدا پەیوەندی فەڕمی لەگەڵ تایوان و چینیشدا هەبێت.
هاوکات چین هەرگیز بەکارهێنانی هێزی بۆ یەکخستنەوەی تایوان لەگەڵ چیندا بە دوور نەزانیوە. حکومەتی تایوان بە توندی دژایەتی بانگەشەکانی چین دەکات.
ماکرۆن لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی لو ئیکۆسی فەڕەنسی و پۆلێتیکۆ وتی ئەوروپا نابێت ململانێکان خێراتر بکات بەڵکو دەبێت هەڵوێستی خۆی بونیاد بنێت وەکو جەمسەری سێیەمی نێوان چین و ئەمەریکا.
پۆڵێتیکۆ لە زاری ماکرۆنەوە بڵاویکردەوە " خراپترین شت ئەوە دەبێت بیر بکەیتەوە ئێمە وەکو ئەوروپییەکان دەبێت ببینە شوێنکەوتوو لەم بابەتەدا و پەیڕەوی ڕیتیمی ئەمەریکا یاخود زیادەڕۆییەکەی چین بکەین."
دوو ڕۆژنامەکە لە زاری ماکرۆنەوە بڵاوییان کردەوە ئەوروپا دەبێت پشتگیری دارایی لە پیشەسازی بەرگری خۆی بکات و پەرە بە وزەی ئەتۆم و نوێکراوە بدات و پشتبەستنی بە دۆلاری ئەمەریکی کەم بکاتەوە تاوەکو پشتبەستنی بە ئەمەریکا سنووردار بکات.
ڕۆژی هەینی ڕاوێژکارێکی ماکرۆن بە ڕۆژنامەنووسانی وت شی و ماکرۆن لە ماوەی کۆبوونەوەکانیاندا گفتوگۆی " چڕ و ڕاشکاوانەیان " ئەنجامداوە لەسەر پرسی تایوان.
ڕاوێژکاری کۆشکی سەرۆکایەتی فەڕەنسا وتی " سەرۆک پێی وایە ئێمە دەبێت وریا بین کە هیچ ڕووداوێک یاخود پەرەسەندنێکی گرژییەکان نەبێت کە ببێتە هۆی ئەوەی چینییەکان هێرش بکەن."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز