سەرچاوەکان ڕایانگەیاند سەرۆکی هەڵبژێردراوی فەرەنسا ئیمانوێل ماکرۆن دوای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی فەرەنسا لەڕێی تەلەفونەوە قسەی لەگەڵ ئەنگێلا مێرکڵی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا کردووە و بەڵێنی پێداوە بەمزووانە گەشت دەکات بۆ ئەڵمانیا و هەروەها لەگەڵ تێریسا مەیشدا گفتوگۆی کردووە سەبارەت بە هاتنە دەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا.
سەرچاوەیەکی نزیک لە ماکرۆنەوە وتی ماکرۆن بۆ ماوەی دە خوولەک لەگەڵ مێرکڵدا قسەی کردووە و پێی وتووە بەمزووانە گەشت دەکات بۆ ئەڵمانیا.
هاوکارەکانی ماکرۆن وتیشیان کە قسەی لەگەڵ سەرۆک وەزیری بەریتانیا تێریزا مەی و سەرۆک وەزیری کەنەدا جەستن ترودودا کردووە.
وتەبێژێک بەناوی سەرۆک وەزیری بەریتانیاوە وتی ماکرۆن و مەی لەڕێی تەلەفونەوە قسەیان کردووە و باسیان لە هاتنە دەرەوەی بەریتانیا کردووە لە یەکێتی ئەوروپا و سەرۆک وەزیری بەریتانیا جارێکی دیکە دووپاتی کردەوە کە هاوبەشیەکی بەهێزی دەوێت لەگەڵ یەکێتی ئەوروپادا.
سەرچاوە / ڕۆیتەرز