Accessibility links

ماکرۆن بەڵێنی یارمەتیدانی لوبنان دەدات


سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن
سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن

دوای تەقینەوەکەی بەیروت کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی 145 کەس، سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن بەڵێنیدا یارمەتی لوبنان بدات، هەروەها دڵنیاییدایە لوبنانیەکان لەسەر ئەوەی فەڕەنسا لەخۆڕا پارە نادات بە ڕابەرانی وڵاتەکە ئەگەر چاکسازی لە وڵاتەکەدا نەکەن.

ماکرۆن لە کۆتایی سەردانەکەیدا بۆ بەیروت لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا داوای کرد لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی بکرێت لەسەر تەقینەوەکە.

سەرچاوەیەکی ئاسایش وتی ژمارەی گیان لەدەستدانەکان بەهۆی تەقینەوەکەوە بەرزبۆتەوە بۆ 145 کەس و پێدەچێت ئەو ژمارەیە زیاد بکات.

سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن بەڵێنیدا یارمەتی لوبنان بدات لە ڕێکخستنی پشتیوانیە نێودەوڵەتیەکان بۆ ئەو وڵاتە، بەڵام ئەوەشی خستەڕوو دەبێت حکومەتی لوبنان چاکسازی لە بواری ئابووریدا بکات و هەڵمەتێک دژی گەندەڵی دەست پێبکات.

ماکرۆن دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی لوبنان میشال عەون وتی " ئەگەر چاکسازییەکان نەکرێن ئەوا لوبنان هەر لە ئازاردا دەمێنێتەوە."

وتیشی " دەبێت گۆڕانکارییەکی سیاسیی بکرێت. دەبێت ئەم تەقینەوەیە سەرەتای سەردەمێکی نوێ بێت."

ماکرۆن ئاماژەشی بەوەدا دەبێت چاکسازی بکرێت لە بانکی ناوەندی لوبنان و گۆڕانکاری دیکەی بەپەلە بکرێت، ئاماژەشی بەوەدا بانکی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆڵیان دەبێت لە هەر چاکسازییەکدا کە لە لوبنان بکرێت.

وتی " ئەگەر چاکسازی لە بانکی ناوەنددا نەکرێت ئەوا لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا هیچ هاوردەیەک نامێنێت و دەبێتە هۆی قەیرانی سوتەمەنی و خواردن لە وڵاتەکە."

ماکرۆن لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ شوێنی تەقینەوەکە بە کۆمەڵێک خەڵکی وت " دڵنیاتان دەکەمەوە ئەم یارمەتیانە ناچنە دەستی گەندەڵکارانەوە."

وتیشی " لە ڕووخسارتاندا دەبینم هەست بە چی دەکەن، ئازار و مەینەتی، لەبەر ئەوەیە من لێرەم."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG