Accessibility links

فەڕەنسا دەڵێت پێویستە بەرنامە موشەکییەکەی ئێران بخرێتە ژێر چاودێرییەوە


سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن
سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن

سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن وتی دەبێت بەرنامە موشەکییە باڵیستییکیەکەی ئێران بخرێتە ژێر چاودێریی نێودەوڵەتیەوە، ئەوەش لە هەوڵی توندکردنەوەی هەڵوێستەکاندا بەرامبەر ئێران و لە هەمان کاتدا پاراستن لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە کە سەرۆکی ئەمەریکا هەڕەشەی ئەوە دەکات بکشێتەوە لێی.

لەمیانەی ئەو مەترسییانەی کە ڕووبەڕووی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران بوونەتەوە، بەڕیتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا کار دەکەن تا کۆتایی مانگی پێنج پلانێک دابنێن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەردوو بابەتی تاقیکردنەوە موشەکیەکانی ئێران و چالاکیی و دەسەڵاتەکانی لە ناوچەکەدا تاوەکو سەرۆک ترامپ ڕازی بکەن.

ماکرۆن وتی فەڕەنسا یەکێکە لەو لایەنەنای کە ڕێکەوتنەکەیان واژۆ کردووە، دەیەوێت ڕێکەوتنەکە بپارێزێت چونکە هیچ جێگرەوەیەکی باشتر نیە بۆ ئەو ڕێکەوتنە.

وتیشی هەروەها دەبێت باس لەو موشەکانە بکرێت کە پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەیە و لە یەمەن و سوریا بەکاردەهێنرێن چونکە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی هاوپەیمانەکانی فەڕەنسا.

ماکرۆن بە ڕۆژنامەنووسانی وت " خولێکی نوێی دانوستانەکانم دەیەوێت لەگەڵ لایەنە ناوخۆییەکان و وڵاتانی ئەندامی هەمیشەیی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا وەکو چۆن لەپێناو ڕێکەوتنە ناوەکییەکەدا کردمان، بەڵام ئەمجارە دەبێت فراوانتر بێت تاوەکو وڵاتانی ناوچەکەش بەشدار بن و بتوانین هەڕەشەکانی سەر ناوچەکە کەم بکەینەوە و بەسەریاندا زاڵ بین."

وتیشی " دەشمانەوێت بەرنامە موشەکییەکەی ئێران بخەینە ژێر چاودێرییەوە. ئەمەش دەبێت بکرێت لەپێناو ئاسایشی ناوچەکەدا، بۆیە ئێمە پێویستمان بە فشار و چاودێریکردن هەیە بۆ ئەم مەبەستە."

هەروەها ماکرۆن ئاماژەی بە دەسەڵاتەکانی ئێراندا لە عێراق و لوبنان و یەمەن و وتی سیاسەتی دەرەوەی ئێران لەوانەیە هەندێک کات هۆکار بێت بۆ ناجێگیری ناوچەکە و ئێمە دەبێت لەگەڵ ڕژێمی ئێرانیدا گفتوگۆ بکەین."

وتیشی " باوەڕم وایە هەموو جۆرەکانی چارەسەری سەربازیی بۆ ئەو ڕەوشە هەڵەن."

ماکرۆن کە وەزیرەکەی دەرەوەی بەنیازە لە چواری مانگی سێدا سەردانی ئێران بکات وتی دەیەوێت کۆبوونەوەیەک ڕێکبخات لەنێوان یاریکەرە سەرەکییەکانی قەیرانی سوریادا.

هەروەها وتی " دەمانەوێت لە مانگەکانی داهاتوودا کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدەین سەبارەت بە سوریا کە ببێتە هۆی کۆتایی هێنان بە چالاکییە باڵیستییکیەکانی ناو سوریا کە بۆتە هۆی هەڕەشە بۆ هەموو هێزەکانی ناوچەکە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG