Accessibility links

ماکرۆن بۆ ئەردۆگان: ئاگربەست لە سوریا عەفرینیش دەگرێتەوە


سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن لەگەڵ سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان
سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن لەگەڵ سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان

فەڕەنسا وتی پێویستە لەسەر ڕوسیا دەسەڵاتەکانی بەسەر حکومەتی سوریادا بەکاربهێنێت تاوەکو دیمەشق پابەند بێت بە بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بۆ وەستاندنی شەڕ لە وڵاتەکەدا و هەروەها بە تورکیاشی ڕاگەیاند کە ئاگربەستەکە ئەرکە سەربازییەکانی ئەویش دەگرێتەوە کە دژی کوردەکانی ناوچەی عەفرین ئەنجامی دەدات.

دوای دوو ڕۆژ لە بڕیارەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە داوای ئاگربەستی کردووە لە سەرتاسەری سوریادا بۆ ماوەی 30 ڕۆژ، تورکیا یەکەی هێزی تایبەتی بڵاوکردۆتەوە لە ناوچەی عەفرینی سوریا و خۆی ئامادە دەکات بۆ شەڕێکی نوێ دژی یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد.

لە بەیاننامەکەی ئۆفیسەکەی ماکرۆندا هاتووە دەڵێت " سەرۆکی کۆمار جەختی لەو ئاگربەستە مرۆییە کردۆتەوە کە هەموو سوریا دەگرێتەوە و دەبێت هەموو لایەنەکان بەبێ دواکەوتن جێبەجێی بکەن."

هەروەها ماکرۆن حکومەتی سوریای تۆمەتبار کرد بەوەی بڕیارەکەی نەتەوە یەکگرتووەکانی پێشێلکردووە دوای ئەوەی هێرشەکانی بۆ سەر نەخۆشخانەکان و هاوڵاتیانی مەدەنی لە غوتەی ڕۆژهەڵات بەردەوامبوون.

هەروەها بەیاننامەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە " دەبێت ڕوسیا وەکو ئەندامێکی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش ئێستا هەموو بەرپرسیارێتییەکانی بەرامبەر ڕژێمی سوریا بەکاربهێنێت."

سیاسەتمەدارانی فەڕەنسی وتیان وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ژان ئیف لۆدغیان ڕۆژی سێشەممە گەشت دەکات بۆ ڕوسیا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەکی هاوبەش بۆ چۆنێتی جێبەجێکردنی ئەو ئاگربەستە لە سەرتاسەری سوریادا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG