Accessibility links

ماکرۆن دەڵێت نازانێت بڕیاری سەرۆک ترامپ سەبارەت بە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران چی دەبێت


سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن لەگەڵ سەرۆک وەزیری ئوستڕاڵیا ماڵکۆڵم ترنبۆڵ
سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن لەگەڵ سەرۆک وەزیری ئوستڕاڵیا ماڵکۆڵم ترنبۆڵ

سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن وتی نازانێت کە ئایا سەرۆک ترامپ لەسەر ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ساڵی 2015 دەمێنێتەوە یاخوود دەکشێتەوە لێی کە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژئاوا پێیان وایە ئەو ڕێکەوتنە باشترین ڕێگەیە بۆ ئەوەی نەهێڵن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ناوەکی.

ماکرۆن دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆک وەزیری ئوستڕاڵیا ماڵکۆلم ترنبۆڵ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی " نازانم سەرۆکی ئەمەریکا لە 12ی مانگی پێنجدا بڕیاری چی دەبێت." جێی ئاماژەیە ماکرۆن داوای لە سەرۆک ترامپ کردووە بەردەوام بێت لەسەر ڕێکەوتنە ناوەکییەکە بەڵام وادیارە کۆشکی سپی نایەوێت بەو ئاڕاستەیەدا بڕوات.

لە ماوەی ڕابردوودا وتەبێژی کۆشکی سپی سارە ساندەرز وتی ئەو ڕێکەوتنە ناوەکیە لەسەر بنەمای زانیاری درۆ واژۆ کراوە و لەو کاتەدا کە ڕێکەوتنەکە ئەنجامدراوە بەرنامە ناوەکییەکەی زۆر پێشکەوتووتر بووە لەوەی کە ئاماژەی پێدراوە.

ماکرۆن وتیشی بیرۆکەی واژۆکردنی ڕێکەوتنێکی نوێی وروژاندووە لەمیانەی کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ سەرۆک ترامپ و ئەو بیرۆکەیەش بەشێوەیەکی ئەرێنی پێشوازی لێکراوە.

ماکرۆن وتی " دەمەوێت هەر ئەوەندە بڵێم بڕیارەکە هەرچیەک بێت دەبێت ئێمە خۆمان ئامادە بکەین بۆ دانوستانێکی لەوشێوەیە و ڕێکەوتنێکی بەرفراوانتر ئەنجام بدەین چونکە من پێم وایە کەس جەنگی ناوێت لە ناوچەکەدا و کەسیش نایەوێت گرژییەکانی ناوچەکەی زیاتر بکات."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG