Accessibility links

لوکاشینکۆ دەڵێت بێلاڕووس بەرپەرچی هەوڵێکی هێرشێکی موشەکی ئۆکرانیای داوەتەوە


سەرۆکی بێلاڕووس ئالیکساندەر لوکاشینکۆ
سەرۆکی بێلاڕووس ئالیکساندەر لوکاشینکۆ

دەزگای هەواڵی بێڵتای بێلاڕووس بڵاویکردەوە سەرۆکی بێلاڕووس ئالیکساندەر لوکاشینکۆ دەڵێت سێ ڕۆژ لەمەوبەر ئۆکرانیا هەوڵیداوە هێرشی موشەکی بکاتە سەر دامەزراوە سەربازییەکان لەسەر خاکی بێلاڕووس، بەڵام بەرپەرچی سەرجەم موشەکەکانیان دراوەتەوە.

لوکاشینکۆ هیچ بەڵگەیەکی نەخستەڕوو، وتی بێلاڕووس جەنگی لەگەڵ ئۆکرانیادا ناوێت، بەڵام ئەگەر هێرش بکرێتە سەر خاکەکەی ئەوا شەڕ دەکات.

تاوەکو ئێستا سوپای ئۆکرانیا هیچ لێدوانێکی لەوبارەیەوە نەداوە.

دەزگای هەواڵی بێڵتا لە زاری لوکاشینکۆوە بڵاویکردەوە " ئەوان ئیستیفزازمان دەکەن. سێ ڕۆژ لەمەوبەر یاخود زیاتر، لە خاکی ئۆکرانیاوە هەوڵێک درا بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی موشەکی بۆ سەر دامەزراوە سەربازییەکان لەسەر خاکی بێلاڕووس."

وتی " بەڵام سوپاس بۆ خوا سیستمی بەرگری ئاسمانی پانتسیر بەرپەرچی سەرجەم ئەو موشەکانەی دایەوە کە هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا هەڵیاندابوو."

لوکاشینکۆ وتیشی هیچ سەربازێکی بێلاڕووس بەشداری لە جەنگەکەی ناو ئۆکرانیادا نەکردووە.

بێلاڕووس هاوپەیمانێکی نزیکی ڕووسیایە و لە 24 ی مانگی دوودا ڕێگەیدا هێزەکانی ڕووسیا لە خاکی بێلاڕووسەوە بچنە ناو ئۆکرانیاوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز


XS
SM
MD
LG