Accessibility links

سەرۆکی بێلاڕوس سنووری وڵاتەکە لەگەڵ پۆڵەندا و لیتوانیادا دادەخات


سەرۆکی بێلاڕوس ئالیکساندەر لوکاشینکۆ ڕایگەیاند سوپای خستۆتە ئامادەباشیەوە و سنوورەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هەریەک لە وڵاتانی پۆڵەندا و لیتوانیا دادەخات.

ماوەی شەش هەفتەیە خۆپیشاندانەکانی بێلاڕوس دژی لوکاشینکۆ بەردەوامن و فشارێکی زۆریان خستۆتەسەر دەسەڵاتەکەی و خۆپیشاندەران داوا دەکەن واز لەدەسەڵات بهێنێت و پێیان وایە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی وڵاتەکە ساختەکاری تێدا کراوە.

لوکاشینکۆ چەند جارێک دووبارەی کردۆتەوە خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکە لەلایەن ڕۆژئاواوە پشتیوانی لێدەکرێت. لوکاشینکۆ لەلایەن هەریەک لە ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپاوە ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند بۆتەوە.

لوکاشینکۆ وتی " ناچارکراین هێزەکان لەسەر شەقامەکان بکشێنینەوە و سوپا بخەینە ئامادەباشیەوە و سنوورەکانمان بەڕووی ڕۆژئاوادا دابخەین، سەرەتا سنوورەکانمان لەگەڵ لیتوانیا و پۆڵەندادا."

وتیشی سنووری وڵاتەکە لەگەڵ ئۆکرانیادا توندتر دەکرێتەوە.

لوکاشینکۆ ئەوەی خستەڕوو " نامەوێت وڵاتەکەم لە جەنگدا بێت، لەگەڵ ئەوەشدا نامەوێت بێلاڕوس و پۆڵەندا و لیتوانیا ببنە تەختەیەکی شانۆی ئەرکی سەربازیی کە لەو ڕێیەوە ناتوانین هیچ کێشەیەک چارەسەر بکەین. بۆیە ئەمڕۆ داوا لە خەڵکی لیتوانیا و پۆڵەندا و ئۆکرانیا دەکەم ڕێگە لە سیاسییە شێتەکانتان بگرن، ڕێگە بە هەڵگیرسانی جەنگ مەدەن."

لە میانەی خۆپیشاندانەکانی بێلاڕوسدا نزیکەی 7000 کەس دەستگیرکراون و سەدان کەسیش لەلایەن پۆلیسەوە توندوتیژییان بەرامبەر کراوە.

سەرچاوە/ ئەسۆشیەتد پرێس

XS
SM
MD
LG