Accessibility links

ژمارەی تەواوی قوربانیانی نێو بینا سووتاوەکەی لەندەن ڕەنگە هەتا کۆتایی ئەمساڵ نەزانرێت


پـۆلیسی بەریتانیا دەڵێت ڕەنگە هەتا چەند مانگێـکی دیکە ژمارەی تەواوی ئەو کەسانە نەزانرێت کە گیانیان لەدەستدا لە نێو ئەو بینای ئەپارتمانەی لە 14 ی مانگی شەش لە ڕۆژئاوای لەندەن ئاگری تێبەربوو.

فیۆنا مەککۆرمەک بەرپـرسی لێکۆڵینەوەکانی پـۆلیس ئەمڕۆ چوارشەممە ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی ژمارەی کۆی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە ئاشکرا نابێت هەتا پشکنین و لێکۆڵینەوەکان تەواو نەبن، ئەمەش ڕەنگە هەتا کۆتایی ساڵ درێژەدەکێشێت.

گوتیشی پـێـیان وایە لە 23 ئەپارتمانی بیناکە کەسی لێ ڕزگار نەبووە. دەڵێت نازانن چەند کەس لە ناویاندا هەبوون، بەڵام لە کاتی ڕووداوەکە 26 پەیوەندی تەلەفونی بۆ فریاکەوتن لەو 23 ئەپارتمانە کرابوون.

باسی لەوەش کرد کە لە لێکۆڵینەوەکاندا بە لایەنی کەم 60 کۆمپانیا یارمەتی پـۆلیس دەدەن.

جێی ئاماژەیە ئەم بینا 24 نهۆمیـیە لە بەرەبەیاندا ئاگری گرتبوو لەو دەمەی زۆربەی خێزانەکان نووستبوون. هەتا ئێستا گیان لەدەستدانی 80 کەس پشـتڕاستکراوەتەوە.

XS
SM
MD
LG