Accessibility links

ئاگرگرتنی بینایەکی گەورەی دانیشتوانی لەندەن گیان لەدەستدانی 6 کەسی لێدەکەوێتەوە


ئاگرێکی گەورە لە بینایەکی نیشتەجێ کە پێکهاتووە لە 24 نهۆم لە ڕۆژئاوای لەندەن کەوتەوە و بووە هۆی گیان لەدەستدانی بە لایەنی کەم 6 کەس و برینداربوونی 50 کەسی دیکە و بەشێک لە دانیشتوان گیریان خوارد و لە ئێستادا مەترسی هەیە بیناکە دابـڕمێت.

دوکەڵێکی زۆری ئاگرەکە دەوروبەری بیناکەی گرتەوە لە کاتێکدا 200 کارمەندی ئاگرکوژێنەوە بە 40 ئۆتۆمبیلی ئاگرکوژێنەوە سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکە بوون.

دانیشتوانەکەی کە زۆربەی عەرەبن دوای ئەوەی بە بۆنی دووکەڵەکە هەستاون لە خەو بە پەلە هەوڵی دەرچوون لە بیناکەیان داوە. دەڵێن ڕاڕەواکان هەموو دوکەڵ بووە. هەندێکیشیان دەڵێن ئامێرەکانی ئاگادارکەرەوەی ئاگرکەوتنەوە لێی نەداون.

شایەتحاڵەکان وتیان دانیشتوانی بیناکەیان بینیوە گیریان خواردبوو و لە پەنجەرەکانەوە هاواری یارمەتییان دەکرد.

تیمی ئاگرکوژێنەوەکانی لەندەن وتیان ئاگرەکە هەموو نهۆمەکانی گرتۆتەوە کە 130 شوقەی تێدایە.

دانی کۆتنی سەرۆکی تیمی ئاگرکوژێنەوەی لەندەن بە ڕۆژنامەنووسانی وت لەماوەی 29 ساڵی کارکردنیدا لە بەشی ئاگرکوژێنەوە هیچ کاتێک ئاگرکەوتنەوەی لەم شێوەیەی نەبینیوە.

وتیشی " بەداخەوەم ژمارەیەک هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە. ئێستا ناتوانم بەدیاریکراوی ژمارەکە بڵێم بەهۆی ئاڵۆزی و قەبارەی بیناکەوە، بەڵام زیاتر لە 50 کەس بۆ نەخۆشخانەکان براون."

لیژنەی فریاگوزاری خێرای لەندەن وتی زیاتر لە 50 کەس براون بۆ نەخۆشخانەکان و شایەتحاڵێکیش وتی باوەڕی وایە هەندێک لە دانیشتوان نەیانتوانیوە دەربازییان ببێت، وە هەندێک خەڵکیش هێنراونەتە دەرەوە جلی خەویان لەبەردابووە.

تیمی ئاگرکوژێنەوە دەڵێت هێشتا هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە نەزانراوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG