Accessibility links

ئەنجومەنی ئاسایش بیر لە داواکارییەک دەکاتەوە بۆ وەستاندنی شەڕ لە لیبیا


سەرکردەی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی لیبیا " سوپای نیشتیمانی لیبیا " خەلیفە حەفتەر

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بیر لە ڕەشنووسی بڕیارێک دەکاتەوە کە بەڕیتانیا دایڕشتووە و تیایدا داوا دەکات شەڕ لە لیبیا بوەستێنرێت و داواش لە هەموو ئەو وڵاتانە دەکات کە دەسەڵاتیان هەیە بەسەر لایەنەکانی شەڕی لیبیادا گرەنتی پابەندبوونیان بە ئاگربەستەکەوە بدەن.

وابڕیارە سیاسەتمەدەرانی وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆببنەوە و گفتوگۆ لەسەر ئەو ڕەشنووسە بکەن کە تیایدا داواش دەکات بەبێ مەرج یارمەتییە مرۆییەکان بگەنە لیبیا کە لە دوای لەناوبردنی حکومەتەکەی قەزافی لە ساڵی 2011 ەوە ئاژاوە و ململانێکان بەرۆکی ئەو وڵاتەیان گرتووە.

نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر نوێترین شەڕ و پێکدادان لە لیبیادا ڕوویدا لەکاتێکدا هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی لیبیا " سوپای نیشتیمانی لیبیا " بە ڕابەرایەتی خەلیفە حەفتەر بەرەو لێوارەکانی تەڕابلسی پایتەختی لیبیا پێشڕەوییان کرد.

واپێشبینی دەکرا هێزەکانی حەفتەر لەماوەی چەند ڕۆژێکدا سەربکەون بەڵام حکومەتەکەی سەرۆک وەزیری لیبیا فائیز سەڕاج توانی پێشڕەوییەکانی هێزەکانی حەفتەر لە بەشی باشووری تەڕابلس ڕابگرێت، ئەمەش بە یارمەتی گروپە چەکدارەکانی هۆزە جیاوازەکانی ڕۆژئاوای لیبیا.

وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان ستیڤان دوگاریک وتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش لەو کاتەوەی تەڕابلسی بەجێهێشتووە داوای ئاگربەست دەکات.

وتیشی " سکرتێری گشتی پێشوازیی لە وەڵامدانەوەیەکی بەهێز و یەکگرتوو دەکات لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە بەدیاریکراوی لەسەر ئەم بابەتە."

ئەنجومەنی ئاسایش لە پێنجی مانگی چواردا بەشێوەیەکی نافەڕمی نیگەرانی خۆی دەربڕی و داوای لە هەموو هێزەکان کرد چالاکیە سەربازییەکان لە لیبیا ڕابگرن.

بەڵام دیبلۆماتکاران وتیان ئەنجومەنەکە لە ڕۆژانی دواتردا نەیتوانی بەیاننامەیەکی فەڕمی دەربکات بەهۆی ئەوەوە کە ڕوسیا نەیویستووە لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بە سوپای نیشتیمانی لیبیا بدرێت، لەکاتێکدا ئەمەریکا وتی ناتوانێت ڕەزامەندی لەسەر نوسراوێک دەرببڕێت کە ئاماژە بە هێزەکانی حەفتەر نەکات.

لە ڕەشنووسەکەی ئەنجومەنی ئاسایشدا هاتووە دەڵێت " نیگەرانی خۆمان دەردەبڕین سەبارەت بە چالاکییە سەربازییەکان لە لیبیادا لە نزیک تەڕابلس کە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی سوپای نیشتیمانی لیبیا دەستی پێکردووە و هەڕەشەیە بۆ سەر سەقامگیری لیبیا."

هەروەها داواش لە هەموو لایەنەکانی لیبیا دەکات شەڕ و پێکدادانەکان زیاتر نەکەن و پابەند بن بە ئاگربەستەکەوە و بەزووترین کات کاربکەن لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکاندا بۆ وەستاندنی شەڕ.

دیبلۆماتکاران دەڵێن بەمزووانە دەنگدان لەسەر ئەو ڕەشنووسە دەکرێت. هەر بڕیارێک لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەربچێت پێویستی بە ڕەزامەندی نۆ ئەندامی ئەنجومەنەکە هەیە و دەبێت هیچ کام لە ئەندامە هەمیشەییەکانی ئەنجومەنەکە کە ئەوانیش ئەمەریکا و بەڕیتانیا و فەڕەنسا و ڕوسیا و چینن مافی ڤیتۆ دژی بڕیارەکە بەکارنەهێنن.

حەفتەر لەلایەن میسڕ و ئیماڕات و سعودیەوە پشتیوانی لێدەکرێت، لەکاتێکدا زۆربەی وڵاتانی ڕۆژئاوا پشتیوانی لە حکومەتەکەی سەرۆک وەزیری لیبیا فائیز سەڕاج دەکەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG