Accessibility links

زلهێزەکانی جیهان پشتیوانی ئاگربەست دەکەن لە لیبیا


زلهێزەکانی جیهان لە میانەی کۆنگرەکەی بەرلیندا سەبارەت بە لیبیا ڕێکەوتن لەسەر قەدەغەکردنی ڕەوانەکردنی چەک بۆ لیبیا و هەموویان پشتیوانی خۆیان دەربڕی بۆ ئاگربەست لەو وڵاتەدا.

جێی ئاماژەیە خەلیفە حەفتەری سەرکردەی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی لیبیا ( سوپای نیشتیمانی لیبیا ) بەشداری لە کۆنگرەکەدا کرد و هەریەک لە وڵانی میسڕ و ئیماڕات و ڕوسیا پشتیوانی لێدەکەن لە هێرشەکانیدا بۆ سەر تەڕابلسی پایتەخت.

لەلای خۆیەوە تورکیا هێزی سەربازی ڕەوانەی لیبیا کردووە بەمەبەستی پشتیوانیکردن لە حکومەتەکەی فائیز سەڕاجی سەرۆک وەزیری لیبیا. بەرپرسێکی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی شەممە وتی نزیکەی 2000 چەکدار کە تورکیا پشتیوانیان لێدەکات و لە شەڕەکانی سوریادا بەشداریان کردووە، ئێستا چوونەتە ناو شەڕی لیبیاوە.

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵ بە ڕۆژنامەنووسانی وت بەشداربووانی کۆنگرەکە و بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی کە پشتیوانی لە لایەنەکانی جەنگی ناوخۆی لیبیا دەکەن گەیشتوون بە ڕێکەوتنێک، ڕێکەوتوون لەسەر گرنگی گەیشتن بە وەستاندنی شەڕ و پێدانی هەلێک بە دەستپێکردنی پڕۆسەی سیاسی لەو وڵاتەدا.

وتیشی لیژنەیەکی تایبەت پێکهاتووە بۆ چاودێریکردنی ئاگربەست لە لیبیادا، لیژنەکەش پێکهاتوون لە پێنج کەسی سەربازیی لە هەردوو بەرەی جەنگی لیبیادا. هەروەها ئەو وڵاتە دەرەکییانەی کە چالاکن لە لیبیا بەڵێنیانداوە پەیڕەوی قەدەغەکردنی ڕەوانەکردنی چەک بکەن بۆ لیبیا کە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو یاسایەی داناوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG