سەرچاوەیەکی دادوەریی ڕۆژی سێشەممە وتی بەرپرسانی لوبنان پیاوێکییان تۆمەتبار کردووە کە تەقەی لە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا کرد لە بەیروت بە تۆمەتی پەیوەستبوونی بە ڕێکخراوی داعشەوە.
مانگی ڕابردوو پیاوێکی سوریایی لەسەر تەقەکردن لە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەیروت دەستگیرکرا، ئەوەش دوای ئەوەی لە هێرشەکەدا بە سەختی بریندارکرا.
بەرپرسەکە بە فرانس پرێسی وت " کۆمسیاری حکومەت بۆ دادگا سەربازییەکان، دادوەر فادی ئاکیکی، هاووڵاتی سوریایی قەیس فەراجی بە تاوانی پەیوەستبوون بە ڕێکخراوی داعشی تیرۆرست و ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی " لە ڕێی ئەنجامدانی هێرشەکەی سەر باڵیۆزخانەکەوە تاوانبار کرد.
هێشتا فەراج لێپرسینەوەی لەگەڵدا نەکراوە چونکە هێشتا لە یەکەی چاودێری وردی نەخۆشخانەی سەربازیی بەیروتە، فەراج لە ماوەی هێرشەکەیدا لەلایەن سوپای لوبنانەوە تەقەی لێکرا و بە سەختی بریندار بوو.
بەرپرسەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات وتی هێرشبەرەکە چەکی بێ مۆڵەتیشی پێبووە.
وتی " ئاکیکی دوو کەسی دیکەی بە تاوانی هێنانی چەکی بێ مۆڵەت بە قاچاخ تاوانبار کردووە. دوو کەسەکە چەکێکی قورس و فیشەکییان بە فەراج فرۆشتووە و ئەوانەش لە هێرشەکەدا بەکارهێندراون."
مانگی ڕابردوو بەرپرسانی لوبنان 20 کەسییان دوای هێرشەکە دەستگیرکرد، بە باوک و براکەی فەراج و ئەو مەلایانەشەوە کە پەیوەندییان بە فەراجەوە هەبووە.
لە مانگی نۆی ساڵی ڕابردوودا، چەکدارێک تەقەی لە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا کرد، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە.
پۆلیسی لوبنان وتی گوایە تەقەکەرەکە شۆفێرێکی گەیاندن بووە و تۆڵەی کردووەتەوە لەو سوکایەتییەی کە لەلایەن ئەندامانی ئاسایشەوە پێی کراوە.
ئەو تەقەکردنە هاوکات بوو لەگەڵ ساڵیادی تەقینەوە کوشندەکەی ساڵی 1984 لە دەرەوەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەیروت، ئەمەریکا لەو کاتەدا لۆمەی حزبوڵای لوبنانی کرد لەسەر ئەو هێرشە.
سەرچاوە/ فرانس پرێس
سەرچاوەیەک: لوبنان ئەو کەسەی تەقەی لە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا کرد بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی بە داعشەوە تۆمەتبار دەکات