Accessibility links

لوبنان پێشنیارێکی ڕوسیا بۆ پێدانی یارمەتی سەربازیی ڕەت دەکاتەوە


سەرچاوەیەکی باڵای سیاسیی لوبنانی باڵا وتی لوبنان لەم مانگەدا پێشنیارێکی ڕوسیای ڕەت کردۆتەوە کە تیایدا داوایان کردووە یارمەتی سەربازیی بۆ لوبنان دابین بکەن، ئەم پێشنیارەی ڕوسیاش ئەمەریکای نیگەران کردبوو چونکە یەکێک لە گەورەترین یارمەتیدەرانی سوپای لوبنانە.

سەرچاوەکە وتی " ڕەت کردنەوەکە بەشێوەیەک بووە لوبنان دەڵێت پێویستی بەم جۆرە چەک و تەقەمەنییانە نیە، بەڵام هۆکاری سەرەکی لەپشت ئەم ڕەت کردنەوەیە لەوانەیە فشارەکانی ئەمەریکا بووبێت."

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەدا لە سەرەتای ئەمساڵدا ئەو پێشنیارە کراوە و ڕەت کردنەوەکەش لەم مانگەدا بووە.

جێی ئاماژەیە ئەمەریکا گەورەترین لایەنە کە کۆمەکی سوپای لوبنان دەکات، بەجۆرێک لە ساڵی 2006 ەوە زیاتر لە 1.5 ملیار دۆلاری وەکو یارمەتی پێشکەشی ئەو وڵاتە کردووە.

ئەمەریکا دەڵێت ئامانج لە پشتیوانی و یارمەتییەکانی بەهێزکردنی سوپایە و بە تەنها هێزی سەربازیی لوبنان ناودێری دەکات چونکە لەلایەکی دیکەوە کۆمەڵەی حیزبوڵا هەیە لە لوبنان کە دەسەڵاتێکی زۆریان هەیە، هەروەها هۆکارێکی دیکەی ئەمەریکا بۆ پێدانی ئەم یارمەتییانە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشانەیە کە لە سوریای دراوسێوە دێن.

سیاسەتمەدارانی ڕۆژئاوا دەڵێن ئەگەر لوبنان ڕازی ببوایە بە پێشنیارەکەی ڕوسیا ئەوا کێشەی بۆ واشنتن و هاوپەیمانەکانی ڕۆژئاوای دروست دەکرد.

بەپێی یاسایەک کە لە ساڵی 2017 دا دەرچوو، ئەمەریکا دەتوانێت سزا بسەپێنێت بەسەر هەر وڵاتێکدا کە مامەڵەی گرنگ لەگەڵ سوپای ڕوسیادا دەکەن.

لە مانگی دووی ئەمساڵدا حکومەتی ڕوسیا ڕەشنوسی ڕێکەوتنێکی سەربازیی نێوان ڕوسیا و لوبنانی بڵاوکردەوە، لە ناو ڕێکەوتنەکەدا کە دەکرێت دوای پێنج ساڵ نوێ بکرێتەوە، ئامانجی گشتی تێدایە پەیوەست بە باشکردنی ئاستی گۆڕینەوەی زانیارییەکان و پەرەپێدانی مەشقە سەربازییەکان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG