Accessibility links

بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکی سەردانی لوبنان دەکات


ساتەرفیڵد لەگەڵ وەزیری دەرەوەی لوبنان جوبران باسیل
ساتەرفیڵد لەگەڵ وەزیری دەرەوەی لوبنان جوبران باسیل

بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکی سەردانی لوبنانی کرد و چاوی بە بەرپرسانی لوبنان کەوت لەچوارچێوەی سیاسەتی ئەمەریکادا بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان ئیسڕائیل و لوبنان لەوانەش دیواری سنووری و سەرچاوەکانی وزەی ناوچە ئاوییە جێی ناکۆکیی لەسەرەکانی نێوان ئیسڕائیل و لوبنان.

گرژییەکانی نێوان لوبنان و ئیسڕائیل زیادی کرد بەهۆی ئەوەوە کە ئیسڕائیل دیواری سنووری دروستکرد و لوبنانیش دەستی کرد بە دۆزینەوەی نەوت و گاز لە دەریادا و هەروەها بەهۆی گەشەکردنی گروپی حیزبوڵای لوبنانەوە کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانیان لێدەکرێت.

حکومەتی لوبنان لەم مانگەدا یەکەمین گرێبەستی خۆی لەگەڵ کۆنسۆرتیۆمدا واژۆ کرد کە هەریەک لە کۆمپانیاکانی نەوتی تۆتاڵی فەڕەنسی و ئینی ئیتاڵی و نۆڤاتکی ڕوسی تێدایە بۆ دەرهێنان و بەرهەمهێنانی نەوت و غازی دوو ناوچە، کە یەکێک لەو ناوچانە ئیسڕائیل دەڵێت دەکەوێتە سەر ئاوی وڵاتەکەی.

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵات دەیڤد ساتەرفیڵد لە ئیسڕائیلەوە دەچێت بۆ لوبنان و بە پیچەوانەشەوە لە هەوڵیدا بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە.

ساتەرفیڵد ڕۆژی چوارشەممە لە بەیروتی پایتەختی لوبنان چاوی بە سەرۆک وەزیری لوبنان سەعد حەریری و وەزیری دەرەوە جوبران باسیل و سەرکردەی سوپا جۆزاف عەون کەوت.

ساتەرفیڵد ڕۆژی هەینی لەگەڵ بەرپرسانی لوبنانیدا کۆبۆوە و دواتر سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی لوبنان نەبیی بەڕی جەختی لەوە کردەوە کە لوبنان پێشنیارەکانی ئەمەریکای ڕەت کردۆتەوە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییە دەریاییەکانی نێوان لوبنان و ئیسڕائیل.

ئەوەش وادەرەکەوێت ئاماژەیەک بوو بۆ ئەو پێشنیارەی کە لە ساڵی 2012 دا سیاسەتمەداری ئەمەریکی فریدریک هۆف پێشنیاری کردبوو تیایدا داوای کێشانی هێڵێکی سنووری دەریایی کردووە کە بەو پێیە لوبنان یەک بەشی ڕووبەری ئاوە جێ ناکۆکیی لەسەرەکەی بەردەکەوێت کە ڕووبەرەکەی دەکاتە 860 کیلۆمەتر چوارگۆشە و سێ بەشی دیکەی بەر ئیسڕائیل دەکەوێت.

سەرچاوەیەکی باڵای حکومەتی لوبنان وتی ساتەرفیڵد هیچ پلانێکی نوێی پێ نەبووە و گفتوگۆکانیش هێشتا هەر لەسەر هێڵەکەی هۆف ماونەتەوە.

سەرچاوەیەکی وەزارەتی دەرەوەی لوبنان وتی گفتوگۆ لەسەر ناوچە ئاوییە جێ ناکۆکیی لەسەرەکان کراوە و هەروەها باس لە چۆنێتی پاراستنی مافەکانی لوبنان کراوە.

ساتەرفیڵد بێ ئەوەی هیچ لێدوانێک بدات لوبنانی بەجێ هێشت.

باڵیۆزی ئەمەریکا لە لوبنان وتی ساتەرفیڵد بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆکردن سەبارەت بە بابەتە هەرێمییەکان و یارمەتیدانی لوبنان بۆ پەرەپێدانی سەرچاوەکان بە ڕێکەوتن لەگەڵ دراوسێکانیدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG