Accessibility links

ئەمەریکا بەرگری لە سوپای لوبنان دەکات سەرەڕای هەڕەشەکانی ئیسڕائیل بۆ هیرشکردنە سەر وڵاتەکە


ئەمەریکا بەلێنیدا بەردەوام بێت لە پشتیوانیکردنی سوپای لوبنان و بە هێزێکی بەهێز و هاوسەنگ ناودێری کرد کە لەدژی حیزبوڵا دەجەنگێن، ئەمەش سەرەڕای لێدوانەکانی ئیسڕائیل کە دەڵێت ناتوانرێت ئەو دوو هێزە جیا بکرێنەوە لە لوبناندا و هەردوو هێزەکە حیزبوڵاش و سوپای لوبنانیش دەبنە ئامانجی ئیسڕائیل لە هەر جەنگێکی داهاتوودا.

ناکۆکییەکانی نێوان ئیسڕائیل و ئەمەریکا بە ئاشکرا دیاربوون بەڵام ئەوەی زیاتر جێی سەرنج بوو ئەوە بوو کە ئەم لێدوانانە لە زاری بەرپرسانی باڵای ئەمەریکییەوە دەرچوون و لە هەمان کۆنگرەی ئاسایشی ئیسڕائیلدا وتران.

جێی ئاماژەیە هێزەکانی لوبنان لە جەنگەکەی ساڵی 2006 ی نێوان ئیسڕائیل و حیزبوڵادا بەشداریان نەکرد کە بووە هۆی کوژرانی 1200 کەس لە لوبنان و 158 سەربازیی ئیسڕائیل. لەو کاتەوە سوپای لوبنان یارمەتییە سەربازییەکانی ئەمەریکا وەردەگرێت کە زیاتر لە 1.5 ملیۆن دۆلار دەبێت و هەروەها لەلایەن هێزە تایبەتییەکانی ئەمەریکاوە پشتیوانی و مەشقیان پێدەکرێت.

دوای ئەوەی حیزبوڵای لوبنان هەوڵیدا جەنگی سوریا گەرم بکاتەوە و پشتیوانی لە سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد کرد، ئیسڕائیل و ئەمەریکا ترسی ئەوەیان هەیە کە ئەم گروپە ئێستا بتوانن دەسەڵاتەکانیان لە لوبنان زیاد بکەن. بەڵام دوو وڵاتەکە ڕایان جیاوازە سەبارەت بەوەی کە ئاخۆ سوپای لوبنان بەرپەرچی حیزبوڵا دەداتەوە یاخوود پشتیوانی لێدەکات.

هەڵسوڕێنەری کاروباری جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەیڤد ساترفیڵد لە کۆنگرەیەکدا کە سەنتەری توێژینەوەی سەر بە زانکۆی تەل ئەڤیڤ ڕێکی خستبوو وتی " بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانماندا بۆ یارمەتیدانی دەزگا فەڕمییەکانی ئاسایش لە لوبنان وەکو هێزە چەکدارەکانی لوبنان کە تەنها هێزی یاسایی و ڕەوایە لە لوبناندا."

ساترفیڵد کە پێشتر نوێنەری ئەمەریکا بووە لە لوبنان وتی سوپای لوبنان " لەوانەیە بەباشی وەکو هێزێکی هاوسەنگ کاربکەن دژی حیزبوڵا و هەوڵەکانی بۆ فراوانکردنی دەسەڵاتی خۆی لەوێ و هەروەها دژی کاریگەرییەکانی ئێران لە لوبناندا."

بەڵام لە هەمان کۆنگرەدا وەزیری بەرگری ئیسڕائیل دووبارە ڕای خۆی دەربڕی سەبارەت بەوەی کە سوپای لوبنان سەر بە حیزبوڵایە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG