Accessibility links

لوبنان دەڵێت ئیسڕائیل هەوڵدەدات بیانوو بۆ دوژمنکارییەکی دیکە بهێنێتەوە


وەزیری دەرەوەی لوبنان جوبران باسیل

وەزیری دەرەوەی لوبنان جوبران باسیل وتی ئیسڕائیل هەوڵیداوە بیانوو بۆ دوژمنکارییەکی دیکە بهێنێتەوە بەوەی کە دەڵێت کۆمەڵێک شوێنی موشەکی حیزبوڵا هەیە لە نزیک فڕۆکەخانەی بەیروت.

سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو سێ ڕۆژ لەمەوبەر لەمیانەی وتارەکەیدا لە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی کۆمەڵێک شوێنی موشەک هەیە لە نزیک فڕۆکەخانەی بەیروت کە حیزبوڵا تیایدا پەرە بە موشەکەکانی دەدات.

باسیل لە میانەی کۆبوونەوەیەکدا داوای لە نوێنەرانی وڵاتانی بیانی کرد لە لوبنان وەڵامی تۆمەتەکانی ناتانیاهو بدەنەوە کە دەڵێت بەڵگەی زۆر هەیە لەسەر ئەوەی حیزبوڵا موشەکی وردبینی هەیە.

وتیشی " ئەوە مانای ئەوە نیە ئەم موشەکانە لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی بەیروت بن."

باسیل هاوەڵیی دیبلۆماتکارانی ڕوسیا و ئێران و ڕۆژنامەنووسانی کرد بۆ سێ شوێنی نزیک فڕۆکەخانەی بەیروت، یەکێک لەو شوێنانەی کە ئیسڕائیل دەڵێت موشەکی لێیە یاریگای تیمی تۆپی پێی عەهدە کە ئێستا لە خولی تۆپی پێی لوبناندا کێبڕکێ دەکات.

باسیل کە هاوپەیمانی سیاسیی حیزبوڵایە وتی " ئیسڕائیل هەوڵدەدات ڕاستییەکانی سەبارەت بە لوبنان ساختە بکات و درۆ بڵاوبکاتەوە و هەڕەشەکانیان نامان ترسێنن."

وتیشی " ناتانیاهو نەتەوە یەکگرتووەکانی قۆستەوە بۆ بیانوو هێنانەوە بۆ دوژمنکارییەکی دیکە دژی وڵاتێکی سەروەری وەک لوبنان."

جێی ئاماژەیە لە ساڵی 1982 دا سوپای پاسدارانی ئێران کۆمەڵەی حیزبوڵایان دامەزراند، کۆتا جار کە لە ململانێیەکی تونددا بووبێتن لەگەڵ ئیسڕائیلدا ساڵی 2006 بوو. لەو کاتەوە حیزبوڵا بەهێزتر بووە بەتایبەتی لەمیانەی ئەو ڕۆڵەی کە بینی لە جەنگی ناوخۆی سوریادا لەڕێی پشتیوانیکردنی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەدەوە.

حەسەن نەسڕوڵای سکرتێری گشتی حیزبوڵا مانگی ڕابردوو ڕایگەیاند موشەکی وردبینیان هەیە سەرەڕای هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر سوریا.

سوپای ئیسڕائیل گرتەیەکی ڤیدیۆیی و کۆمەڵێک وێنەی بڵاوکردەوە کە تیایدا دەریدەخات شوێنی دروستکردنی موشەک هەیە لە بەیروت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG