Accessibility links

سەرۆک وەزیری نوێی لوبنان لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کۆبۆوە


سەرۆک وەزیری لوبنان حەسان دیاب لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی ئێراندا کۆبۆوە کە یەکەمین بەرپرسی باڵای بیانییە سەردانی بەیروت بکات دوای ئەوەی حکومەتی نوێی لوبنان پێکهێنرا، ئەمەش لەکاتێکدایە وڵاتانی کەنداوی عەرەبی هیچ گرنگییەکیان نەداوە بە حکومەتەکەی سەرۆک وەزیری نوێی لوبنان.

وڵاتانی کەنداو ماوەیەکی زۆر یارمەتی دارایی لوبنانیان دەدا بەڵام زیادبوونی دەسەڵاتەکانی حیزبوڵای هاوپەیمانی ئێران لەو وڵاتەدا توشی نیگەرانی کردوون. وادەردەکەوێت وڵاتانی کەنداو چیتر نەیانەوێت یارمەتی لوبنان بدەن تاوەکو لەو قەیرانە ئابوورییەی ڕووبەڕووی بۆتەوە دەریبهێنن.

حیزبوڵا پشتیوانی حەسان دیابی کرد بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیری لوبنان، ئەمەش دوای ئەوەی هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ بە ڕابەرایەتی سەرۆک وەزیری پێشووی لوبنان و هاوپەیمانی ڕۆژئاوا سەعد حەریری شکستیان هێنا.

لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک لە شارەزایانی سیاسیی دەڵێن ڕۆڵی حیزبوڵا لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی لوبناندا دەکرێت ببێتە هۆی کۆسپ خستنە بەردەم یارمەتیەکانی ڕۆژئاوا و کەنداو بۆ لوبنان.

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران عەلی لاریجانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی ئێران ئامادەیە یارمەتی لوبنان بدات.

بەرپرسێکی دیکەی ناوەندی کارنیجی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست موهەند حاج عەلی وتی سەردانەکە لە ئێستادا یارمەتیدەر نابێت لە بەهێزکردنی پێگەی حکومەتی نوێی لوبنان وەکو حکومەتێکی سەربەخۆ.

وتی " لەم قۆناغەدا ئەم سەردانە یارمەتیدەر نابێت چونکە لەکاتێکدایە لوبنان هەوڵدەدات یارمەتی دەرەکی دەستبکەوێت لە پڕۆگرامی ڕزگارکردنی ئابووری وڵاتەکە و هەوڵدەدات یارمەتی لە وڵاتانی کەنداویشەوە دەست بکەوێت. ئەمە ئەو پەیامە نیە کە دەبێت بینێریت."

سەرۆک وەزیری لوبنان حەسان دیاب وتی یەکەمین گەشتی دەرەکی بۆ جیهانی عەرەبی دەبێت، بەتایبەتی وڵاتانی کەنداو، بەڵام تا ئێستا هیچ کام لەو وڵاتانە بە ئاشکرا لێدوانیان لەسەر پێکهێنانی حکومەتی نوێی لوبنان نەداوە و هەروەها بێجگە لە قەتەڕ هیچ وڵاتێکی کەنداو بە فەڕمی بانگهێشتی دیابیان نەکردووە سەردانی وڵاتەکانیان بکات.

دیبلۆماتکارێکی عەرەبی وتی لە کەنداو تەنها قەتەڕ بانگهێشتی دیابی کردووە سەردانی وڵاتەکە بکات، وتیشی " هیچ وڵاتێکی دیکەی کەنداو بانگهێشتیان نەکردووە."

لەلای خۆیەوە ڕابەری حیزبوڵای لوبنانی حەسەن نەسڕوڵا لە لێدوانێکیدا ڕۆژی یەکشەممە وتی حکومەتی نوێی لوبنان " حکومەتی حیزبوڵا نیە "، وتیشی ئەوانەی وادەڵێن زیان بە پەیوەندییەکانی لوبنان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و بیانیش دەگەیەنن و چارەسەرکردنیقەیرانەکە قورستر دەکەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG