Accessibility links

بەهۆی زیادبوونی ژمارەی توشبوون بە کۆرۆناوە نەخۆشخانەکانی لوبنان لە لێواری ڕووخاندان


بەهۆی زیادبوونی ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە، نەخۆشخانەکانی لوبنان کەوتوونەتە سەر لێواری ڕووخان، لەکاتێکدا شارەزایان هۆشیارییاندا لەوەی لوبنان ناتوانێت زیاتر بەرگە بگرێت ئەوەش لەنێوەندی خراپی گوزەرانی خەڵکەکە بەهۆی ئەو قەیرانانەوە کە ڕووی لە وڵاتەکە کردووە.

پێش تەقینەوە بەهێزەکەی بەندەری بەیروت سیستمی تەندروستی وڵاتەکە کێشەی زۆری هەبووە بەڵام تەقینەوەکەش زیانێکی زۆری بە نەخۆشخانەکان گەیاند.

لە ئێستاشدا پێداویستیە تەندروستیەکان لە وڵاتەکەدا کەمبوونەتەوە، ئەوەش بەهۆی کەمی دۆلارەوەیە لەو وڵاتەدا کە بەدەست قەیرانی ئابوورییەوە دەناڵێنێت.

فیراس ئەبیەزی بەڕێوبەری نەخۆشخانەی ڕەفیق حەریری کە گەورەترین دامەزراوەی تەندروستیە لە وڵاتەکەدا کە مامەڵە لەگەڵ پەتای کۆرۆنادا دەکات وتی " لە ئێستادا کۆڤید-19 لە لوبنان لە کۆنتڕۆڵ دەرچووە، ژمارەی توشبووان زۆر زیاترە لە ژمارەی ئەو پشکنینانەی کە کراون."

تاوەکو ئێستا زیاتر لە 43,000 کەس لە لوبنان توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و 398 حاڵەتی گیان لەدەستدانیش تۆمارکراوە.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت ئەو ژمارانە بەپێی پێوەری جیهانی کەمن بەڵام یەکەکانی چاودێری ورد لە وڵاتەکەدا نزیک بوونەتەوە لە پڕبوون. هاوکات هێشتا ڤایرۆسەکە لە زیندانەکان و نەخۆشخانە گشتیەکان و شارە قەرەباڵغەکانی لوبنان تا دێت زیاتر بڵاودەبێتەوە، لەکاتێکدا هێشتا خەڵک هەن دەمامک نابەستن.

سەرۆکی لقی فریاکەوتنی تەندروستی لە ناوەندی تەندروستی زانکۆی ئەمەریکا لە بەیروت ئیڤیلین حەتی وتی " ئەگەر ڕەوشەکە بەوشێوەیە بەردەوام بێت ئەوا پێم وانیە بتوانین لە دوو هەفتە زیاتر بەرگە بگرین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG