Accessibility links

لوبنان ڕێوشوێنەکانی ڕێگریکردن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا توندتر دەکاتەوە


دوای ئەوەی لەم هەفتانەی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە لوبنان تۆمارکرا، وڵاتەکە باری نائاسایی تەندروستی ڕاگەیاند، ڕێوشوێنەکانی پەیوەست بە داخستنی گشتی وڵاتەکەی توندتر کردەوە و لەسەروو هەمووشیانەوە قەدەغەکردنی هاتوچۆ بۆ ماوەی دوو هەفتە و کەمکردنەوەی جوڵەی گەشتیاران لەڕێی فڕۆکەخانەی بەیروتەوە.

بەرپرسانی تەندروستی لوبنان لەمدواییانەدا ئاماژەیان بەوەدا نەخۆشخانە سەرەکییەکانی وڵاتەکە پڕبوون و توانای وەرگرتنی توشبووی زیاتریان نەماوە.

لەم ڕۆژانەی دواییدا توشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا ناچار بوون چەند کاتژمێرێک لە بەشەکانی فریاکەوتن چاوەڕێ بکەن تاوەکو شوێنێکیان پێدەدرێت. هەروەها بەهۆی پڕبوونی بەشەکانی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە نەخۆشخانەکاندا، کارمەندانی نەخۆشخانەکان ناچار بوون توشبووان لەناو ئوتومبێلەکانیاندا چارەسەر بکەن.

ئەنجومەنی باڵای بەرگری لە دوای کۆبوونەوەکەی سەرۆکی وڵاتەکە میشال عەون و ژمارەیەک لە وەزیران و بەرپرسە پەیوەندیدارەکانی وڵاتەکە " باری نائاسایی تەندروستی " ڕاگەیاند. زنجیرەیەک ڕێوشوێنی توند ڕاگەیەندران، لەوانەش قەدەغەکردنی هاتوچۆ لە ڕۆژی پێنجشەممەوە تاوەکو 25 ی مانگی یەک.

ئەنجومەنەکە بڕیاری کەمکردنەوەی جوڵەی گەشتیارانیدا لەڕێی فڕۆکەخانەی بەیروتەوە، هەروەها کۆتوبەندی سەپاند بەسەر ئەوانەدا کە لە بەغداد و قاهیرە و ئیستەنبوڵ و ئادیس باباوە دێن. لەلایەکی دیکەشەوە جوڵەی گەشتیارانی لەڕێی خاڵە سنوورییە ئاوی و وشکانیەکانەوە قەدەغەکرد.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG