Accessibility links

وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا سەردانەکەی بۆ ئێران دەست پێدەکات


وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ژان ئیڤ لۆدغیان

وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ژان ئیڤ لۆدغیان گەیشتە ئێران بۆ جەخت کردنەوە لەسەر پابەندبوونی ئەوروپا بە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەوە کە بووە هۆی کرانەوەی ئابووری ئێران لەبەردەم وەبەرهێنانەکاندا و هەروەها بۆ ئەوەش کە دووبارە ئەو ترسانە بوروژێنێتەوە کە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ باسی لێوە کردووە و هەڕەشەی کشانەوەی لە ڕێکەوتنەکە کردووە.

لۆدغیان پێویستیی باشکردنی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە بە ئێران ڕادەگەیەنێت سەبارەت بە بەرنامە موشەکیەکەیی و هەروەها باس لە چالاکییە سەربازییەکانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکات، کۆشکی سپیش دەڵێت بۆ مانەوەی ڕێکەوتنەکە دەبێت گرنگی بەو دوو خاڵە بدرێت.

سەرچاوەیەکی سیاسیی فەڕەنسی وتی " ئێمە نوێنەری دانۆڵد ترامپ یاخوود پارێزەری بەرگری ئێران نابین. ئێمە ترسی تایبەتی خۆمان هەیە. " سەرۆک ترامپ وتی پێویستە لەسەر هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی یارمەتی بدەن بۆ چاکسازیی لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەدا پێش ئەوەی کاتی کۆتایی تەواو ببێت کە دەکاتە 12 ی مانگی پێنج.

جێی ئاماژەیە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە لە ساڵی 2015 دا لەنێوان فەڕەنسا و بەڕیتانیا و ڕوسیا و چین و ئەڵمانیا و ئەمەریکادا واژۆ کرا، بەپێی ڕێکەوتنەکە سزا ئابوورییەکانی سەر ئێران دەبێت کەمبکرێتەوە و لەبەرامبەردا ئێران دەبێت سنوور بۆ بەرنامە ناوەکییەکەی دابنێت، ئەوەش ڕێگەیدا بە ئێران بۆ یەکەمین جار دوای چەند ساڵێکی زۆر گفتوگۆی ئابووری لەگەڵ ئەوروپادا بکات.

دوای ڕێکەوتنەکە فەڕەنسا دەستی کرد بە بەڕێکەوتنی بازرگانی لەگەڵ ئێراندا. هەریەک لە کۆمپانیا فەڕەنسیەکانی وەکو ئێرباس بۆ دروستکردنی فڕۆکە و کۆمپانیای تۆتاڵی نەوت و کۆمپانیاکانی ئوتومبێلی بیجۆ و ڕینۆ ڕێکەوتنیان لەگەڵ ئێراندا واژۆ کردووە و هەموو ئەو ڕێکەوتنانەش لە مەترسیدان ئەگەر سەرۆک ترامپ لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە بکشێتەوە.

وەکو هەوڵێک بۆ پاراستنی پشتیوانی سەرۆک ترامپ لە ڕێکەوتنەکە، سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن ڕەخنەی لە بەرنامە موشەکییەکەی ئێران گرت و باسی لە ئەگەری سەپاندنی سزای نوێ کرد بەسەر ئێراندا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG